پاپا لیۆ: سوپاسی خودا دەکەم کە جەنگ کۆتایی دێت

پاپا لیۆ، یەکەم پاپای ئەمریکی لە مێژووی ڤاتیکاندا، ستایشی رێککەوتنی نێوان واشنتن و تارانی کرد بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. پاپا جەختی کردەوە گفتوگۆ هەمیشە باشترە لە جەنگ.

سێشەممە 16ـی حوزەیرانی 2026، پاپا لیۆی چواردەیەم، لەبەردەم شوێنی نیشتەجێبوونی لە کاستێل گاندۆلفۆ" لە ئیتاڵیا، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: "سوپاسی خودا دەکەم کە هەردوو هێزە گەورەکە گەیشتنە ئەو بڕوایەی کە رۆژی هەینی رێککەوتنەکەیان واژۆ بکەن."

ئاماژەی بەوە کرد، هەرچەندە هێشتا چەند خاڵێکی تەکنیکی ماون کە پێویستە یەکلایی بکرێنەوە، بەڵام پەنابردنە بەر دانوستان زۆر لە بژاردەی سەربازی باشترە.

پاپا گوتیشی: "هیوادارم ئەم رێککەوتنە ببێتە چارەسەرێکی راستەقینە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و هەمووان پێکەوە بەرەو ئایندە هەنگاو بنێین."

پێشتر پاپا لیۆ بەهۆی رەخنەگرتن لە هەڵگیرسانی جەنگ دژ بە ئێران، بووە هۆی تووڕەکردنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بەڵام ئەمڕۆ بە ئاشکرا پشتیوانی خۆی بۆ هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئەمدواییەی هەردوولا دەربڕی.