ئەمریکا بۆ تێپەڕبوون بە گەرووی هورمز رێنمایی بە کەشتییەکان دەدات
بەگوێرەی کەناڵی فۆکس نیوز، هێزی دەریایی ئەمریکا رێنمایی نوێی بۆ کەشتییەکان دەرکردووە وەک ئامادەکارییەک بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتە دەریاییەکان لە گەرووی هورمز. لەو چوارچێوەیەدا، کۆمپانیای ویندوارد بۆ هەواڵگریی دەریایی ئاماژەی بەوە کردووە، ئێستا 23 کەشتی زەبەلاحی نەوت بەرەو بەندەرەکانی فۆجەیرە و خۆرفەکان لە ئیمارات بەڕێکەوتوون، تاوەکو بچنە پاڵ 60 کەشتی دیکە و زیاتر لە 550 کەشتی کە لە ناوچەکەدا لە چاوەڕوانی دەستپێکردنەوەی هاتوچۆدا وەستاون.
لەلایەکی دیکەوە، پێگەی "تانکەر تراکەرز" بۆ چاودێری جوڵەی دەریایی بڵاویکردەوە، سێ کەشتی نەوتی ئێرانی ناوچەی ئابلۆقەی دەریایی ئەمریکایان بڕیوە کە ماوەی دوو مانگە بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا سەپێنراوە. پێگەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کەشتی "دیۆنا و هیرۆ 2" بڕی 3.8 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی ئێرانییان گواستووەتەوە، ئەمەش بە یەکەم هەناردەی نەوتی ئێران لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا دادەنرێت.
لەم بارەیەوە، مەجید تەخت رەوانچی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند؛ ئەمریکا ئابلۆقە دەریاییەکەی سەر بەندەرەکانی ئێرانی هەڵگرتووە، ئەمەش وەک هەنگاوێک پێش واژۆکردنی فەرمی رێککەوتنی نێوان هەردوو وڵات کە بڕیارە ڕۆژی هەینی لە سویسرا ئەنجام بدرێت بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
سەبارەت بە وردەکارییە تەکنیکییەکان، سەرچاوە ئەمنییە دەریاییەکان هۆشداری دەدەن، پاککردنەوەی گەرووی هورمز لە مینە چێنراوەکان رەنگە 40 بۆ 50 رۆژ بخایەنێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی گەڕانەوەی هاتوچۆی ئاسایی بۆ چەند هەفتەیەک دوابکەوێت تا ئەو کاتەی کۆمپانیاکانی دڵنیایی و گواستنەوە متمانەی تەواویان بە سەلامەتی رێڕەوەکە دەبێت.
هاوکات ئاژانسی بلومبێرگ رەشنووسی رێککەوتنە چاوەڕوانکراوەکەی نێوان واشنتن و تارانی ئاشکرا کردووە، تێیدا هاتووە: ئێران رێگەی پێدەدرێت دەستبەجێ نەوت و سووتەمەنی بفرۆشێت، هەروەها پلانێکی دارایی و گەشەپێدان بە بڕی 300 ملیار دۆلار بۆ تاران تەرخان دەکرێت و لە قۆناخەکانی دواتریشدا پارە بلۆککراوەکانی ئازاد دەکرێن. لە بەرامبەردا، ئێران پابەند دەبێت بە کۆتوبەندەکانی سەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی و دەستەبەرکردنی ئازادی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز.
بڕیارە رۆژی هەینی هەردوو وڵات بە فەرمی رێککەوتنەکە واژۆ بکەن، کە دواتر ماوەی 60 رۆژ وەک قۆناخی دانوستان دیاری کراوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی و سەپاندنی سنووربەندی نوێ بەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێراندا.