پارتی چاکسازیی تورکمان: رەوا نییە چیدیکە پەرلەمانی کوردستان پەکبخرێت
پارتی چاکسازیی تورکمان بانگەوازێک ئاراستەی رای گشتی و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و داوای هەرچی زوو کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە 17ـی حوزەیرانی 2026، پارتی چاکسازیی تورکمان لە بانگەوازەکەیدا رایگەیاندووە، بە نیگەرانییەکی قووڵەوە درێژەکێشانی دۆخی چەقبەستووی سیاسی و دواخستنی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان دەڕوانن.
هەروەها ئاماژەیداوە، لە کاتێکدا ماوەیەکی زۆر بەسەر هەڵبژاردنەکاندا تێپەڕیوە، چیدیکە رەوا نییە کارەکانی بەرزترین دامەزراوەی یاسادانان و چاودێری لە هەرێمەکەماندا پەکبخرێت.
جەخت دەکاتەوە، لە پارتی چاکسازیی تورکمان، لە روانگەی بەرپرسیاریەتی نیشتمانییەوە، ئەم بانگەوازە ئاڕاستەی هەموو لایەک دەکەن:
جیاکردنەوەی ئەرکەکان: دروستنەبوونی کابینەی نوێی حکوومەت نابێت و نابێت ببێتە هۆکاری وەستاندنی کارەکانی پەرلەمان. هەرێم پێویستی بەوەیە پەرلەمان لە ئێستاوە دەست بە رێکخستنی کارە ناوخۆییەکانی، پێکهێنانی لیژنەکان و گفتوگۆکردن لەسەر پرسە چارەنووسسازەکان بکات.
بەرپرسیاریەتی مێژوویی: داوا لە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان دەکەین بە کاتێکی خێرا و بەرپرسیارانە مێزەکانی گفتوگۆ گەرم بکەنەوە و بگەنە رێککەوتن بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ و کاراکردنەوەی تەواوی دامەزراوە دەستوورییەکان.
بەرژەوەندیی گشتی: بەردەوامبوونی ئەم دۆخە چەقبەستووە تەنیا زیان بە بژێوی، ژیانی هاووڵاتییان و پرۆسەی حوکمڕانی لە هەرێم دەگەیەنێت. پێویستە بەرژەوەندیی باڵای گەل بخرێتە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکی دیکەی حزبی و کەسییەوە.
پارتەکە لە کۆتایی بانگەوازەکەیدا دووپاتی کردەوە، با پێکەوە رێگریی بکەین لە داڕمانی زیاتری کات و دەرفەتەکان، با پەرلەمان بکەینەوە بەو سەکۆیەی کە خزمەتی هاووڵاتییانی تێدا دەکرێت.