ماکرۆن: رۆژی هەینی کۆتایی بە ناسەقامگیریی ئابووری دێت
سەرۆکی فەرەنسا: بەپێی ڕێککەوتنەکە دەبێت حزبوڵڵا چەک دابنێن و ئیسرائیل جەنگ راگرێت
سەرۆک فەرەنسا، لووتکەی گرووپی حەوتی بە سەرکەوتوو وەسف کرد و رایگەیاند, رێککەوتنی نێوان واشنتن و تاران هەموو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە گەرووی هورمزەوە تاوەکو لوبنان رادەگرێت؛ جەختیشی کردەوە کە ئەم تێگەیشتنە پێگەی ئەمریکا وەک هێزێکی بەرگریی بەهێز دەکاتەوە و گەرووی هورمزیش رۆژی هەینی دەکرێتەوە.
چوارشەممە 17ـی حوزەریرانی 2026، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک فەرەنسا، لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا کۆتایی لووتکەکە لە شاری "ئێڤیان" رایگەیاند، دوای چەندین مانگ لە "ناکۆکی و دابەشبوون" لەنێوان وڵاتانی پیشەسازی، ئەم کۆبوونەوە سێ ڕۆژەیە سەرکەوتنێکی گەورە بوو بۆ گەڕاندنەوەی "هاوکاریی ڕاستەقینە" لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.
ماکرۆن دەستخۆشی لە دەسپێشخەرییەکەی ئەمریکا کرد و گوتی: "ئەمە رێککەوتنێکی باشە و هەموو وڵاتانی G7 پشتیوانی لێ دەکەن." ئاماژەی بەوەش کرد کە بەپێی رێککەوتنەکە، دەبێت ئێران و حزبوڵڵا لە لوبنان چەک دابنێن، هاوکات ئیسرائیلیش دەبێت جەنگ رابگرێت؛ گوتیشی: "ئەم رێککەوتنە کۆتایی بەو ناسەقامگیرییە ئابووری و سەربازییە دەهێنێت کە چەندین مانگە ناوچەکەی گرتووەتەوە."
جەختی کردەوە ئامانجی سەرەکییان کردنەوەی گەرووی هورمزە لە رۆژی هەینیدا تاوەکو رێگری لە بەرزبوونەوەی نرخی وزە و تێکچوونی ئابووریی جیهانی بکرێت. گوتیشی: "پێویستە هەموومان کار بکەین بۆ ئەوەی ئەم ئاشتییەی لەسەر لوتکەی چیاکان راگەیەندرا، لەسەر زەوی جێبەجێ بکرێت."
سەرۆکی فەرەنسا وەڵامی پرسیارێکی دایەوە سەبارەت بە متمانەی بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و گوتی: "من هەمیشە متمانەم بە ترەمپ هەبووە، چونکە بە راشکاوی گفتوگۆ دەکەین و کاتێک بەڵێنێک دەدات، جێبەجێی دەکات." ئاماژەی بەوەش کرد ئەم رێککەوتنە نیشانی دەدات ئەمریکا هێشتا هێزی یەکلاکەرەوەی هەیە لە جیهاندا.
سەبارەت بە جەنگی ئۆکرانیا، ماکرۆن ئاماژەی دا، ئەوان و ڤۆلۆدیمێر زێلێنیسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ئامادەن بۆ دانوستان، بەڵام ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا هیچ ئارەزوویەکی راستەقینەی بۆ ئاشتی نیشان نەداوە. ماکرۆن مەرجەکەی پووتین بۆ کشانەوەی ئۆکرانیا لە "دۆنباس" بە "قبووڵنەکراو" وەسف کرد و رایگەیاند، وڵاتانی گرووپی حەوت بڕیاریانداوە پشتیوانییەکانیان بۆ کیێڤ زیاتر بکەن.
ماکرۆن ئاماژەی بەوە کرد، ڕووسیا هەموو ئەو دەسپێشخەرییانەی ڕەتکردووەتەوە کە لەلایەن ئەمریکا و ئەوروپاوە بۆ دەسپێکردنی گفتوگۆ پێشکەشی کرابوون. گوتیشی: "ترەمپیش، وەک هەموو سەرکردەکانی دیکە، ئەو ڕاستییەی قبووڵ کرد کە هیچ ئارەزوویەکی ڕاستەقینە لە لایەن ڕووسیاوە نابینرێت بۆ تاوتوێکردنی پرسی ئاشتی لە ئۆکرانیا."