سەرۆکی شارەوانیی تاران: لە عێراقیش پرسەی خامنەیی بەڕێوەدەچێت

عەلیڕەزا زاکانی: 8ـی تەممووز تەرمی خامنەیی لە عێراق بەخاک دەسپێردرێت

سەرۆکی شارەوانیی تاران لە بارەی رێوڕەسمی پرسە و بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی رێبەری پێشووی شۆڕشی ئیسلامی ئێران ئاشكرای کرد، جێبەجێکردنی پلانی رێوڕەسمی بەخاکسپاردن و پرسەگێڕانی رێبەری پێشووی باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە ئەستۆی سوپای پاسدارانە و ماتەمگیڕانیش جگە لە چەند شارێکی ئێران، لە عێراقیش بەڕێوەدەچێت.

عەلیڕەزا زاکانی، سەرۆکی شارەوانیی تاران ئەمڕۆ چوارشەممە 17ـی حوزەیرانی 2026، لە کۆنفرانسێکدا بە رۆژنامەنووسانی گوت: "لە ماتەمگیڕانی مانگی موحەڕەمی ئەمساڵدا، شایەدی رێوڕەسمی شایستەی ماڵئاوایی و پرسە و بەخاکسپاردنی رێبەری شەهید دەبین و پێشبینی دەکەین نزیکەی 20 ملیۆن کەس لە رێوڕەسمەکەدا بەشداربن و لە عێراقیش پرسەی بۆ دەگێڕن".

گوتیشی: بە گوێرەی پلانەکان، رێوڕەسمی ماڵئاوایی لە 3 و 4ـی تەممووزی ئەمساڵ لە مزگەوتی ئیمام خومەینی لە تاران بەڕێوە دەچێت، رێوڕەسمی پرسەکەش لە 5ـی تەممووز لە تاران دەبێت، هاوکات بۆ رۆژانی دواتر لە شارەکانی قوم و مەشهەد لە 8ـی تەممووزیش تەرمەکە لە عێراق بەخاک دەسپێردرێت و پرسە بۆ ماتەمگێڕان بەڕێوەدەچێت؛ بەڵام هیچ ئاماژەیەکی نەداوە لە کام شارە دەبێت و حکوومەت و بەرپرسانی عێراقیش لەمبارەوە هیچ لێدوانێکیان لەمبارەوە نەداوە.

هەروەها ئاماژەی داوە، بۆ بەڕێوەچوونی رێوڕەسی پرسەکە چەند شەقامێکی سەرەکی و جیاواز لەبەرچاو گیراون، لەوانە لە شەقامەکانی داماوەند، ئینقلاب، ئازادی و بەرەو لەشکری درێژ دەبێتەوە، ئەمانە لە بژاردە سەرەکییەکان دەبن، بەڵام دوای پێداچوونەوەیەکی ورد بە پێداویستییەکان و توانای لەخۆگرتنی بەشداربووان، بڕیاری کۆتایی دەدرێت.

زاکانی جەختی لەوەش کردووەتەوە، جگە لە شەقامە سەرەکییەکان، پلانی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی پرسە و بەخاکسپاردن بۆ شەقام لاوەکییەکانیش دادەنرێت، ئەمەش لە پێناو کەمکردنەوەی قەرەباڵغی رێگەکان، دابینکردنی خزمەتگوزاری، ئاسانکاریی جووڵەی بەشداربووان و دڵنیابوونەوە سەلامەتی ئامادەبوونی.

بە گوتەی سەرۆکی شارەوانیی تاران، بەرپرسیارێتی هەماهەنگیی گشتی رێوڕەسمەکان ئەرکی حکوومەت و جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئیسلامی ئێراندا دەبێت، هاوکات سوپای پاسداران ئەرکی جێبەجێکردن و رێکخستنی بەرنامەکانی لە ئەستۆی دەبێت. هەروەها وەزارەتی ناوخۆ، شارەوانییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان هاوکارن دەبن لە پلانەکانی بەڕێوەبردنی رێوڕەسمەکان.