بەژینگ بۆ تاران: دەبێت هەموو لایەنەکان پابەندیی رێککەوتنەکە بن

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ وانگ یی، هاوتا چینییەکەی، وردەکارییەکانی "یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد"ی خستەڕوو. عێراقچی جەختی کردەوە کە بەرپرسیارێتی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە و راگرتنی جەنگ لە ئەستۆی ئەمریکایە، بەژینگیش وێڕای دەربڕینی پشتیوانی، ئامادەیی نیشاندا بۆ ئاسانکاری لە جێبەجێکردنی بەندەکانی یاداشتەکە.

چوارشەممە 17ـی حوزەیرانی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ وانگ یی، سەرۆکوەزیرانی چین کرد و ردەکارییەکانی "یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد"یان تاوتوێ کرد.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، وەزیری دەرەوەی ئێران لەم گفتوگۆیەدا هیوای خواست کە تاران و بەژینگ بتوانن سوود لە دەرفەتەکانی ئەم رێککەوتنە وەربگرن بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، بەتایبەت لە بوارەکانی ئابووری و وزەدا. عێراقچی ئاماژەی بە "بێ متمانەیی قووڵ"ی وڵاتەکەی بەرامبەر واشنتن کرد و گوتی: "بەرپرسیارێتی تەواوی جێبەجێکردنی بنەماکانی ئەم تێگەیشتنە، بەتایبەت لە پرسی کۆتاییهێنان بە شەڕ لە هەموو بەرەکاندا، لە ئەستۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە."

لای خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی چین، پێشوازی لە یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە کرد و ستایشی خۆڕاگریی گەلی ئێرانی کرد لە بەرامبەر گوشارەکاندا و گوتی: "چین ئامادەیە بۆ هاوکاری لە پێناو ئاسانکاری لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە و بەهێزکردنی پەیوەندییە ناوچەییەکان بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگەکان."

هەردوو وەزیر جەختیان کردەوە کە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتگیری لەم هەنگاوە بکەن و داوایان کرد ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک لایەنی بەرپرس لە ئاشتی و ئاسایشی جیهانی، رۆڵی خۆی لە چاودێریکردنی پابەندیی لایەنەکان بە رێککەوتنەکەوە بگێڕێت.

عێراقچی و وانگ یی هاوڕابوون کە ئەم قۆناخە دەتوانێت ببێتە دەسپێکێکی نوێ لە پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان ئێران و چین.

وەزارەتی دەرەوەی چین لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنەکە، بڵاویکردەوە، وانگ یی لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کردووە کە قۆناغی داهاتووی رێککەوتنەکە زۆر گرنگە و پێویستی بەوەیە هەموو لایەنەکان رێگری لە دەستوەردانەکان بکەن. وانگ یی گوتی: "سپێدەی ئاشتی ئێستا دەرکەوتووە، گرنگترین بەشی هەنگاوی داهاتوو ئەوەیە کە هەموو لایەنەکان بە کردەیی پابەندییەکانیان جێبەجێ بکەن."

وەزیری دەرەوەی چین دووپاتیشی کردەوە کە بەژینگ بەردەوام پشتیوانی لە داواکارییە "لۆژیکی و یاساییەکانی" ئێران دەکات و "چین پشتگیری لە هەوڵەکانی ئێران دەکات بۆ پاراستنی سەروەریی خاک و ئاسایشی نیشتمانیی خۆی."

بڕیار وایە رۆژی هەینی هەردوولا بە فەرمی یاداشتی لێکتێگەیشتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و کردنەوەی گەرووی هورمز لە سویسرا واژۆ بکەن.