دوا سێ ساڵ؛ راپۆرتی کۆتایی لەسەر تەقینەوەی ژێردەریایی تایتن بڵاو دەکرێتەوە

سێ ساڵ دوای کارەساتی تراژیدیی نقومبوون و تەقینەوەی ژێردەریایی تایتن، لێکۆڵینەوە فەرمییەکان بە ئاراستەی بڵاوکردنەوەی راپۆرتی کۆتایی و دەستنیشانکردنی کەمکوڕییەکانی کۆمپانیای ئۆشن گەیت هەنگاو دەنێن.

بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ـی حوزەیرانی 2026، ئەنجوومەنی سەلامەتی گواستنەوەی کەنەدا راپۆرتی کۆتایی خۆی سەبارەت بە لێکۆڵینەوە لە رووداوی تەقینەوەی ژێردەریایی "تایتن" بڵاو بکاتەوە، ئەمەش سێ ساڵ دوای ئەو کارەساتە دێت کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی پێنج سەرنشینەکەی.

بە پێی راگەیەندراوی ئەنجومەنەکە، راپۆرتەکە بە شێوەی ئۆنلاین لەسەر ئینتەرنێت بڵاو دەکرێتەوە و شەش راسپاردەی سەرەکی لەخۆدەگرێت بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی رووداوی هاوشێوە.

لە 18ـی حوزەیرانی 2023، ژێردەریایی تایتن لە کاتی گەشتێکی گەڕان و پشکنیندا بۆ لای پاشماوەکانی کەشتیی بەناوبانگی "تیتانیک" بێسەروشوێن بوو. دوای ئەوە پاسەوانی سنووری دەریایی ئەمریکا بە هاوکاری هێزەکانی کەنەدا پرۆسەیەکی گەڕانی فراوانیان لە دووری 700 کیلۆمەتر لە باشووری ناوچەی نیوفاوندلاند دەستپێکرد، کە سەرنجی جیهانی بۆ لای خۆی راکێشا.

دوای چەند رۆژێک لە گەڕان، ئامێرێکی ژێر ئاو کە لە رێگەی دوورەوە کۆنتڕۆڵ دەکرا، پاشماوەی تێکشکاوی ژێردەریاییەکەی لە مەودای کەمتر لە 500 مەتر لە شوێنی نوقمبوونی کەشتی تیتانیک دۆزییەوە.

چەندین لایەنی دیکەش لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە کردووە و گەیشتوونەتە ئەو دەرەئەنجامەی کە کەمتەرخەمییەکی گەورە لە لایەن کۆمپانیای "ئۆشن گەیت"ی خاوەن و بەڕێوەبەری ژێردەریاییەکەوە هەبووە کە بنکەکەی لە واشنتنە.