ترەمپ: رێککەوتنی ئێران پێنجشەممە یان هەینی واژۆ دەکرێت
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی مێژووییدا لە میانی لووتکەی G7 لە فەرەنسا، کاتی واژۆکردنی رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ تارانی ئاشکرا کرد. ترەمپ وێڕای هەڕەشەی گەڕانەوە بۆ بژاردەی سەربازی ئەگەر تاران پابەند نەبێت، بە توندی رەخنەی لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت گرت و چەندین نهێنی لەسەر دۆسیەی سووریا، ئۆکرانیا و ئابووری جیهانی درکاند.
ترەمپ رایگەیاند کە رێککەوتنەکە "زۆر بەم زووانە" و پێدەچێت ڕۆژی پێنجشەممە یان هەینی واژۆ بکرێت. جەختی کردەوە کە: "ئەمە تەنیا یادداشتی لێکتێگەیشتنە ، ئەگەر تاران لە ماوەی 60 رۆژدا جێبەجێی نەکات، دەگەڕێینەوە بۆ بۆردوومانکردنیان؛ سەرسوڕهێنەرە کە بۆمب دەتوانێت چی بکات." ترەمپ گوتیشی کە کوشتنی قاسم سولەیمانی کلیلی ئەم سەرکەوتنە بوو چونکە "ئەو کەس نەبوو جێگەی بگرێتەوە." هەروەها دووپاتی کردەوە کە "هیچ پارەیەک نادەینە ئێران، وەک ئەوەی ئۆباما کردی."
سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە گفتوگۆ تەکنیکییەکان لەسەر کۆگای ئەتۆمیی ئێران دەستبەجێ دەستپێدەکەن و گوتی: "ئێمە توانای دەستڕاگەیشتنمان بە یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران هەیە." هەروەها سەرکەوتنی ئیدارەکەی لە کردنەوەی گەرووی هورمز و ڕێگریکردن لە ئێران بۆ بوون بە خاوەنی چەکی ئەتۆمی دووپاتکردەوە.
ترەمپ ڕایگەیاند کە لە قۆناخی داهاتوودا پرسی مووشەکە بالیستییەکانی ئێران و "بریکارەکانی تاران" لە ناوچەکەدا تاوتوێ دەکەن. گوتیشی کە لەگەڵ وڵاتانی کەنداو کار دەکەن بۆ چارەسەری پرسە نائەتۆمییەکان. ترەمپ گەشبینی خۆی نیشان دا و ئاماژەی دا، "پێم وایە سەرکردە نوێیەکانی ئێران نوێنەرایەتی گۆڕانکاریی دەسەڵات دەکەن و بە شێوەیەکی تەواو جیاواز ڕەفتار دەکەن."
ئاشکرای کرد کە لە میانی جەنگەکەدا، ئەمریکا توانیویەتی نزیکەی 84 بۆ 85%ی توانای موشەکیی ئێران تێکبشکێنێت و گوتی: "ئەوانەی تریان لەژێر زەوین و ناتوانن دەریان بهێنن." جەختیشی کردەوە کە گەمارۆی دەریایی زۆر کاریگەرتر بووە لە بۆردومانەکان، ترەمپ باسی لەوەش کرد، "ئێران سێیەم گەورەترین یەدەگی نەوتی هەیە، بۆچی پێویستی بە وزەی ئەتۆمییە؟"
سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە کۆپییەکی رێککەوتنەکەیان بۆ ئیسرائیل ناردووە، بەڵام نیگەرانی خۆی لە هێرشەکانی سەر بەیرووت دەربڕی و گوتی: "نەتانیاهۆ هەندێک جار زۆر هەڵدەچێت. پێویست ناکات بۆ دوو درۆن کە لە بیاباندا کەوتوونەتە خوارەوە، باڵەخانەکانی بەیرووت بڕووخێنیت. دەتوانیت 'دەستێکی نەرمتر'ت هەبێت بیبی." ترەمپ گوتیشی: هەست بە پەژارەیەکی قووڵ دەکات بۆ دۆخی لوبنان.
ترەمپ ستایشی سەرکردە نوێیەکانی ئێرانی کرد و گوتی: "ئەوان نوێنەرایەتی گۆڕانکاریی دەسەڵات دەکەن، زیرەکتر و کەمتر توندڕەون." سەبارەت بە سووریاش، ترەمپ گوتی: "ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا کارێکی مەزنی کردووە و لە ساڵ و نیوێکدا وڵاتەکەی کۆکردووەتەوە. ئەو دژی قاعیدە و حزبوڵڵا جەنگاوە.
سەبارەت بە بازاڕی پشکەکان گوتی: "هەر کاتێک باسی ئاشتیمان دەکرد نرخەکان بەرز دەبوونەوە. ئێمە رێگریمان لە کارەساتێکی ئابووری گەورە کرد." ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمریکا بە بڕی 1.5 بۆ 2 ترلیۆن دۆلار زیانی بە ژێرخانی ئێران گەیاندووە و ئێستا تاران پێویستی بە وەبەرهێنان هەیە؛ سەبارەت بە پارە سڕکراوەکانیش گوتی: "ئەوە پارەی خۆیانە و دەبێت بیدەینەوە، چونکە ئەگەر نەی دەینەوە، کەس متمانەی بە وەبەرهێنان بە دۆلار نامێنێت."
ترەمپ ئاشکرای کرد کە لەگەڵ ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا و ڤۆلۆدییر زێلێنیسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا قسەی کردووە: "هەردوولا دەیانەوێت جەنگەکە کۆتایی پێ بهێنن بەڵام نازانن چۆن دەست پێ بکەن. مانگانە 25 هەزار کەس لەوێ دەکوژرێن." هەروەها ستایشی "محەمەد بن زاید"ی کرد لە ئیمارات و بە جەنگاوەرێکی بڕواپێنەکراو ناوی برد، و هیوای خواست سعوودیەش بێتە ناو رێککەوتنی ئیبراهیم؛ هەروەها سوپاسی سەرۆک 'شی چینپینگ، سەرۆکی چین و پووتینی کرد کە لە کاتی قەیرانەکەدا "بێلایەن" بوون
لە کۆتاییدا ترەمپ جەختی کردەوە کە ئیدارەکەی توانیویەتی گەرووی هورمز بکاتەوە و رێگری بکات لەوەی ئێران ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی، ئەمەشی بە "سەرکەوتنێکی گەورە بۆ مرۆڤایەتی" ناوبرد.
ترەمپ جەختی کردەوە کە لووتکەی گرووپی حەوت (G7) دەرفەتێکی زێڕین بوو بۆ یەکخستنی هەڵوێستی هاوپەیمانەکان و ئیمزاکردنی ئەم ڕێککەوتنەی کە جیهانی لە "کارەساتێکی ئابووریی گەورە" پاراست.