ترەمپ: ئاساییە ئێران مووشەکی بالیستی هەبێت

سەرۆکی ئەمریکا، دوای گەیشتنی بۆ پاریس، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیی چڕدا تەواوی مەرج و وادەکانی رێککەوتنی لەگەڵ تاران و هەڵوێستی وڵاتەکەی بەرامبەر رووسیا و ئۆکرانیا ئاشکرا کرد. ترەمپ جەختی کردەوە، جێگری سەرۆک، لە "جنێڤ" دەبێت بۆ واژۆکردنی فەرمی و هۆشداریشی دا کە ئەگەر ئێران بەڵێنەکانی جێبەجێ نەکات، بۆردوومانکردنی ئەو وڵاتە ئەگەرێکی کراو دەبێت.

چوارشەممە 17ـی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، سەبارەت بە کاتی واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە گوتی: "پێم وایە لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوودا واژۆ دەکرێت، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە جنێڤ دەبێت بۆ ئەو مەبەستە."

سەبارەت بەوەی ئایا وادەی 60 رۆژەکە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی مەرجێکی یەکلاکەرەوەیە، ترەمپ گوتی: "نەخێر، وەک وادەیەکی یەکلاکەرەوە نایبینم، دەکرێت درێژ بکرێتەوە؛ تەنیا ئەوەندەی کە ئەوان رەفتاریان باش بێت، من زۆر گوێ بە کاتەکە نادەم."

لە وەڵامی پرسیارێکدا کە یاداشتەکە دەڵێت نابێت هێز یان هەڕەشەی هێز بەکاربهێنرێت، کەچی ترەمپ پێشتر باسی بۆردوومانی کردووە، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی دا، "ئەگەر ئەوان بەڵێنەکانیان جێبەجێ نەکەن، ئایا ئەوە هەڕەشەیە کە بۆردوومانیان بکەین؟ هەرچییەکی ناو دەنێن بێنن، بەڵام ئەگەر پابەند نەبن، ئەوا ئەو کارە دەکەین."

ترەمپ بەرگری لەو بیرۆکەیە کرد کە ئێران مووشەکی هەبێت و گوتی: "ئەگەر وڵاتانی تر وەک سعوودیە و قەتەر مووشەکیان هەبێت، کەمێک نادادییە ئەگەر ئێران هەندێکی نەبێت. مووشەکی بالیستی هەمان ئەو شتە نییە کە ئێمە لە پرسی ئەتۆمیدا باسی دەکەین. ئەگەر بە رێژەیەکی گونجاو بێت، پێموایە ئاساییە."

سەبارەت بە کاتی کشانەوەی سوپای ئەمریکا لە کەنداو، ترەمپ باسی لەوە کرد، "ئەوە پرسیارێکی باشە، هێشتا بڕیارمان نەداوە. پێدەچێت بۆ ماوەیەک لەوێ بمێننەوە، چونکە شوێنێکی باشە بۆ مانەوە و تا بزانین دۆخەکە چۆن دەڕوات، بەڵام پێموایە هەموو شتێک بە باشی دەڕوات."

ترەمپ ئاشکرای کرد کە بەهۆی دابەزینی بەرچاوی نرخی نەوت لە جیهاندا، رەنگە سزاکانی سەر رووسیا توند بکاتەوە و گوتی: "رەنگە سزاکان بگەڕێنمەوە سەر رووسیا، لەوانەش لێیان خۆشببم، من دەمویست نرخی نەوت بە نزمی بمێنێتەوە، ئێستا کە نرخەکە زۆر دابەزیوە، دەتوانم سزاکان بگەڕێنمەوە."

سەبارەت بەوەی ئایا ئۆکرانیا ئێستا باڵادەستە لە مەیدانی جەنگ، ترەمپ گوتی: "ئەوان زۆر بە باشی کار دەکەن. رووسیا وڵاتێکی گەورەیە و سوپایەکی زۆر گەورەتری هەیە، بەڵام ئۆکرانییەکان خۆیان راگرتووە و بە چەکە ئەمریکییەکانمان کە نابێت لە بیر بکرێت زۆر بە باشی بەرگری دەکەن."