وزەی ئەمریکا: دابەزینی بەرچاوی کۆگاکانی نەوت نرخی نەوتی خاو بەرز دەکاتەوە

ئیدارەی وزەی ئەمریکا رایگەیاند، کۆگاکانی نەوتی خاو و بەنزین لە ئەمریکا لە ماوەی هەفتەی رابردوودا کەمبوونەوەیەکی بەرچاویان تۆمار کردووە، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم پێشهاتەش بووەتە هۆی ئەوەی نرخەکانی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا بەردەوام بن لە بەرزبوونەوە.

چوارشەممە 17ـی حوزەیرانی 2026، بە گوێرەی راپۆرتی هەفتانەی ئیدارەی وزەی ئەمریکا، کۆگاکانی نەوتی خاوی ئەمریکا بە بڕی 8.3 ملیۆن بەرمیل کەمی کردووە، بەوەش کۆی گشتی کۆگاکان گەیشتووەتە 418.2 ملیۆن بەرمیل، بە گوێرەی زانیارییەکانی نێو راپۆرتەکە، ئەم دابەزینە زۆر زیاتر بوو لە پێشبینییەکانی شارەزایان کە پێشبینی کەمبوونەوەی تەنها 4.6 ملیۆن بەرمیلیان کردبوو.

دوای بڵاوبوونەوەی ئەم داتایانە، نرخەکانی نەوت لە بازاڕەکاندا بەرزبوونەوەی زیاتریان بەخۆوە بینی، نرخی نەوتی خاوی برێنت گەیشتە 80.32 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، هەروەها نرخی نەوتی تێکساسی ئەمریکی گەیشتە 77.55 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، پرۆسەی پاڵاوتنی نەوتی خاو بە بڕی 230 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا زیادی کردووە، و رێژەی کارکردنی پاڵاوگەکان گەیشتووەتە 96.7%.

سەبارەت بە بەرهەمە نەوتییەکان، کۆگاکانی بەنزین بە بڕی 906 هەزار بەرمیل کەمی کردووە، بەڵام بە پێچەوانەی پێشبینییەکانەوە، کۆگاکانی بەرهەمە پاڵێوراوەکان وەک گاز و نەوتی سپی بە بڕی یەک ملیۆن بەرمیل زیادیان کردووە و گەیشتوونەتە 103.1 ملیۆن بەرمیل.

لە کۆتایی راپۆرتەکەدا هاتووە، کوۆ گشتی هاوردەکردنی نەوتی خاوی ئەمریکا لە هەفتەی رابردوودا بە بڕی 241 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا رووی لە کەمبوونەوە کردووە.