دوای هەفتەیەک گەڕان؛ تەرمی "روقیە" لە سەرچاوەی ئاوی زەڵم دەرهێنرا

دوای نزیکەی 10 کاتژمێر تەرمی گەشتیارە 11 ساڵە عەرەبەکە لەناو سەرچاوەی ئاوی زەڵم دەرهێنرا.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ـی حوزەیرانی 2026، ئاسان محەممەد، پەیامنێری کوردستان24، لە هەڵەبجە رایگەیاند، تیمەکانی بەرگریی شارستانی بە هەوڵ و هاوکاریی هاووڵاتییان و خۆبەخشی ناوچەکە، تەرمی روقیە، گەشتیارە 11 ساڵە عەرەبەکە لە سەرچاوەی ئاوی زەڵم لە هەورامان دەرهێنرا و رەوانەی پزیشکی دادی هەڵەبجە کرا.

عابیدین عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە ئاشکرایکرد، دوای نزیکەی 10 کاتژمێر لە هەوڵدان توانییان بە هاوکاریی هەموو لایەک تەرمی گەشتیارە 11 ساڵە عەرەبەکە دەربهێنن، سبەی تەرمەکە دەگەڕێننەوە کەربەلا.

شایەتحاڵێکیش بۆ کوردستان24 ئاشکرایکرد، هۆکاری دواکەوتنی دەرهێنانی تەرمەکە ئەوەبووە، بەشێک لە جەستەی لەژێر ئاوەکە گیربووبوو.

 9ـی حوزەیرانی 2026، منداڵێکی تەمەن 11 ساڵ کە لەگەڵ خێزانەکەیدا بە مەبەستی گەشتکردن  لە شاری کەربەلاوە چووبوونە هاوینەهەواری زەڵم، کەوتە ناو ئاوەکەوە و بەهۆی خێرایی ئاوەکەوە خنکا.