لە نزیک کەناراوەکانی یەمەن، هێرشکرایە سەر کەشتییەکی بازرگانی

دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا (UKMTO) رایگەیاند، ئێوارەی چوارشەممە کەشتییەکی بازرگانی لە نزیک کەناراوەکانی یەمەن رووبەڕووی هێرشێکی چەکداری بووەتەوە، دوای ئەوەی دوو بەلەمی بچووک کە چەکداریان تێدا بووە، لێی نزیک بوونەتەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی دەستەکە، رووداوەکە لە دووری 105 میلی دەریایی لە باکووری رۆژهەڵاتی شاری عەدەن روویداوە. دوو بەلەمی بچووک تا مەودای 4 مەتر لە کەشتییەکە نزیک بوونەتەوە و چەکدارەکانی سەر بەلەمەکان دەستڕێژی گوللەیان لە کەشتییەکە کردووە.

تیمی ئەمنیی پاراستنی کەشتییەکە دەستبەجێ وەڵامی سەرچاوەی تەقەکانیان داوەتەوە و بەرپەرچی هێرشەکەیان داوە، ئەمەش وایکردووە بەلەمەکان پاشەکشە بکەن و بە دووری زیاتر لە 4 میلی دەریایی لە کەشتییەکە دوور بکەونەوە.

دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییەکانی بەریتانیا جەختی کردەوە، سەرجەم ئەندامانی تیمی کەشتییەکە سەلامەتن و هیچ زیانێکی گیانی یان مادیی دەستبەجێ بەهۆی هێرشەکەوە تۆمار نەکراوە.

ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەکان لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن. دەستەکە داوای لەو کەشتیانە کرد، لەو ناوچەیەدا تێدەپەڕن، ئەوپەڕی وریایی بنوێنن و هەر چالاکییەکی گوماناوی راپۆرت بکەن.