کارگەیەک رۆژانە 200 تۆن گەنم پاک دەکاتەوە
کردنەوەی کارگەیەکی نوێی پاککردنەوەی گەنم لە ناحیەی کەلەکچی سەر بە قەزای شێخان، کێشەی ساڵانەی جووتیارانی لەگەڵ سایلۆکان چارەسەر کرد و لەمەودوا بەرهەمەکانیان بە پلە یەک وەردەگیرێت و نرخەکەشی لە بازاڕدا بەرز دەبێتەوە.
کارگەکە بە تەکنەلۆژیایەکی پێشکەوتوو کار دەکات و توانای هەیە رۆژانە 150 بۆ 200 تۆن گەنم لە پیسی و خاشاک پاک بکاتەوە. پرۆسەکە بە 10 قۆناغی جیاوازدا تێدەپەڕێت بۆ ئەوەی بەرهەمەکە بە خاوێنترین شێوە ئامادە بکرێت.
لەم بارەیەوە سەلاح جەلال، بەرپرسی هۆبەی کشتوکاڵی کەلەکچی لە قەزای شێخان بۆ ئاری حوسێن، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، پرۆژەکە سوودێکی زۆری بۆ دەڤەری شێخان و ناوچەکانی دەوروبەری هەیە.
ئەو بەرپرسە ئەوەشی خستە روو، جووتیاران پێشتر کێشەی زۆریان هەبوو لە کاتی رادەستکردنی بەرهەمەکانیان و زۆر جار سایلۆکان بەهۆی هەبوونی خاشاکەوە گەنمەکانیان رەتدەکردەوە.
لە لایەکی دیکەوە سامی عەلی، یەکێک لە جووتیارانی ناوچەکە بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە دا، لە ساڵانی رابردوودا گەنمەکانیان بە پلە دوو و پلە سێ هەژمار دەکرا، بەڵام لە رێگەی ئەم کارگەیەوە بەرهەمەکانیان سەدا سەد پاک دەکرێتەوە و سایلۆکان راستەوخۆ بە پلە یەک لێیان وەردەگرن.
هاوکات بەکر سدیق، جووتیارێکی دیکەی ناوچەکەیە و روونیشی کردەوە، بەر لە کرانەوەی کارگەکە، سایلۆی شێخان گەنمەکانی رەتدەکردەوە بەهۆی تێکەڵبوونی بە جۆرە تۆوێکی دیکە یان خاشاک. ئێستا ئەم ئامێرانە گەنمەکە بە تەواوی خاوێن دەکەنەوە و بەرژەوەندییەکی گشتی بۆ سەرجەم جووتیاران هەیە.
سوودی پرۆژەکە تەنیا بۆ سایلۆ نییە، بەڵکوو بەهایەکی زیاتر بە گەنمی ناوخۆ دەبەخشێت بۆ بازاڕکردن و فرۆشتنی بە بازرگانان.
قەزای شێخان بە یەکێک لە ناوچە کشتوکاڵییە بەپیتەکانی هەرێمی کوردستان دادەنرێت و ساڵانە رووبەرێکی فراوانی زەوی بە گەنم دەچێندرێت. سایلۆکانی حکوومەت رێنمایی توندیان هەیە بۆ وەرگرتنی بەروبوومی جووتیاران و دەبێت رێژەی خاشاک و تۆوی بیانی زۆر کەم بێت.
لە چەند ساڵی رابردوودا بەهۆی نەبوونی ئامێری مۆدێرنی پاککردنەوە، بەرهەمی بەشێکی زۆر لە جووتیاران رەتدەکرایەوە یان بە نرخی زۆر کەمتر لە گەنمی پلە یەک هەژمار دەکرا.
دامەزراندنی کارگەی نوێ و پێشکەوتوو لە ناوچە کشتوکاڵییەکان، هەنگاوێکی گرنگی کەرتی تایبەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانە بۆ پاڵپشتیکردنی جووتیاران و پاراستنی ئاسایشی خۆراک، تاوەکوو ماندووبوونی جووتیاران بەفیڕۆ نەچێت و داهاتیان زیاتر بێت.