ترەمپ: چین و رووسیا لە ململانێکانی ئێراندا بێلایەن بوون

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند؛ هەریەکە لە چین و رووسیا لە کاتی ململانێکان لەگەڵ ئێران بێلایەن بوون و رێگرییان لە هەوڵەکانی ئەو بۆ سنووردارکردنی تەماحە ئەتۆمییەکانی تاران نەکردووە.

ترەمپ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە پەراوێزی لووتکەی گرووپی حەوت (G7) لە فەڕەنسا، دوای پەسەندکردنی رێککەوتنی ئاگربەست، سوپاسی هەردوو وڵاتی کرد و گوتی: "دەمەوێت سوپاسیان بکەم چونکە بەشدارییان کرد لە باشترکردنی دۆخەکە بە شێوەیەکی بەرچاو."

ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، سەرۆکی چین، شی جینپینگ، پابەندی "بێلایەنییەکی تەواو" بووە و ڤلادیمێر پوتینیش بە هەمان شێوە "زۆر بێلایەن" بووە. وتیشی: "دەیانتوانی کارەکان بۆ ئێمە زۆر قورستر بکەن."

ئەم لێدوانانەی ترەمپ پێشتر رەخنەی توندی لە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا، لەوانە ژاپۆن و وڵاتانی ئەوروپا گرتبوو، بەهۆی ئەوەی هاوکارییان نەکردووە لە پڕۆسە سەربازییەکان یان پاراستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە داخرابوو.

سەرەڕای ئەوەی مۆسکۆ و پەکین پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ تاران هەیە و چین هێرشەکانی واشنتنی بۆ سەر ئێران سەرکۆنە کردبوو، بەڵام ترەمپ جەختی کردەوە، سەرۆک شی یارمەتیدەر بووە لە چارەسەرکردنی ململانێکە. ترەمپ گوتی: بەیژینگ خۆی پاراستووە لە ناردنی چەکی قورس یان مووشەکی دژە فڕۆکە و ناردنی کەشتیی جەنگی بۆ پاسەوانیکردنی تانکەرە نەوتییەکانی ئێران.

سەرچاوە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا باس لەوە دەکەن بەیژینگ کەلوپەلی خاوەن بەکارهێنانی سەربازیی داوە بە تاران، و پاڵاوگە سەربەخۆکانی چینیش کڕیاری سەرەکی نەوتی ئێران بوون و سزاکانی ئەمریکایان پشتگوێ خستووە.

لە بەرامبەر ئەم لێدوانانەدا، گوتەبێژی باڵیۆزخانەی چین لە واشنتن رایگەیاند؛ هەڵوێستیان نەگۆڕ بووە و بەردەوام کاریان کردووە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و چەسپاندنی ئاشتی. باڵیۆزخانەی رووسیاش تا ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمی لەسەر قسەکانی ترەمپ نەداوە.