وادەی دابەشکردنی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست و بەشێک لە فەرمانبەران راگەیەنرا
مووچەی مامۆستایانی گرێبەست و بەشێک لەفەرمانبەرانی هەمیشەیی و گرێبەست دابەش دەکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ـی حوزەیرانی 2026، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا وادەی دابەشکردنی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست و بەشێک لە فەرمانبەرانی هەمیشەیی و گرێبەستی راگەیاند.
بە گوێرەی راگەیەنراوەکە، رۆژی یەکشەممە، ( 21ـی حوزەیران تا رۆژی پێنجشەممە، 25ـی حوزەیرانی 2026) مووچەی مانگی ئایاری مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە دابەش دەکرێت کە گرێبەستن و تەمویلیان لەسەر داهاتی ناوخۆیە.
ئاماژە بەوەش کراوە، لە هەمان کاتدا مووچەی مانگی ئایاری سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە دابەش دەکرێت کە لەدوای (01-07-2024)ـەوە بەشێوەی گرێبەست و هەمیشەیی لەسەر میلاکی دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دامەزراون کە شایستەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.