پیت هێگسێت: ناتۆ بووەتە پڵنگێکی کاخەزی

وەزیری جەنگی ئەمریکا هێرشێکی تووند دەکاتە سەر هاوپەیمانانی ناتۆ و رایدەگەیەنێت، هاوپەیمانییەکە بووەتە "پڵنگێکی کاخەزی" و شەقامێکی یەکلایەنە کە تەنیا ئەمریکا باجەکەی دەدات، هەروەها پیت هێگسێت هۆشداری دەدات کە واشنتن پێداچوونەوەی گشتگیر بە بڵاوەپێکردنی هێزەکانیدا دەکات لە ئەوروپا.

پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا لە بارەگای سەرەکی ناتۆ لە برۆکسل بە تووندی رەخنەی لە وڵاتانی ئەوروپا گرت و رایگەیاند، ماوەیەکی زۆرە ئەمریکا قورسایی تێچووی دارایی و سەربازیی ناتۆی گرتووەتە ئەستۆ، بەڵام "چیدیکە ئەمە بەردەوام نابێت." گوتیشی: "زۆرێک لە پایتەختی وڵاتانی هاوپەیمان هێشتا لە پەیامەکانی سەرۆک ترەمپ تێنەگەیشتوون بۆ بنیادنانەوەی هاوپەیمانییەکی سەربازیی بەهێز و کارا."

وەزیری جەنگی ئەمریکا ئاماژەی بە هەڵوێستی وڵاتانی ئەوروپا کرد بەرامبەر ململانێکانی واشنتن لەگەڵ تاران و رایگەیاند، سەرۆک ترەمپ تاقیکردنەوەیەکی خستە بەردەم هاوپەیمانەکان بۆ ئەوەی پشتگیری ئەمریکا بکەن، بەڵام زۆرینەیان تێیدا سەرنەکەوتن. هێگسێت گوتی: "ئەمریکا بۆ چەندین نەوە بەرگریی لە ئەوروپا کردووە، کەچی زۆرێک لە هاوپەیمانەکان ئامادە نەبوون رێگە بدەن فڕۆکە و کەشتییەکانمان بنکە و بەندەرەکانی ئەوروپا بەکاربهێنن بۆ لێدانی ئامانجە ئێرانییەکان کە مەترسین بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەوروپا."

هێگسێت هەڵوێستی هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپای بە "شەرمەزارکەر" ناوبرد، چونکە بە گوتەی ئەو، بە رێگریکردن لە بەکارهێنانی ئاسمانی وڵاتەکانیان، ژیانی کوڕ و کچانی سەربازی ئەمریکایان خستووەتە مەترسییەوە. وەک وەڵامێکیش بۆ ئەم هەڵوێستانە، وەزیری جەنگی ئەمریکا رایگەیاند کە واشنتن چیدیکە پارەی زیاتر لە هاوپەیمانەکانی بۆ جەنگی ناتۆ خەرج ناکات و پێداچوونەوەیەکیش بە بڵاوەپێکردنی هێزەکانی لە ئەوروپا دەست پێدەکات.

لە بەرامبەردا، مارک رووتە سکرتێری گشتیی ناتۆ رایگەیاند، ئەمریکا پشکی هاوکارییەکانی خۆی گۆڕیوە و ئەمەش واتا دەبێت هاوپەیمانانی دیکە بێنە پێشەوە. رووتە جەختی کردەوە کە وڵاتانی ئەوروپا و کەنەدا ئامادەن و توانای ئەوەیان هەیە کە ئەرکی زیاتر لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەکەدا بگرنە ئەستۆ.