کوردستان24 ناوەڕۆکی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەبارەی ئەسیکۆدا بڵاودەکاتەوە

واژۆکردنی رێککەوتنەکە
واژۆکردنی رێککەوتنەکە

شاندی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق لەسەر 16 خاڵی تایبەت بە سیستمی ئەسیکۆدا رێککەوتن، بەپێی رێککەوتنەکەش زمانی کوردی بۆ سیستمەکە زیاد دەکرێت و پێناسەی گومرگیش یەکدەخرێت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە نێو کۆبوونەوەکان بە کوردستان24ـی رایگەیاند، بە چاودێریی و رێنمایی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ـی حوزەیرانی 2026، هەردوو شاندی هەرێمی کوردستان و عێراق لە بەغدا لەبارەی تەواوی وردەکارییە هونەرییەکانی سیستمی ئەسیکۆدا گەیشتنە رێککەوتن.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ئەو رێککەوتنەی واژۆ کراوە، لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق بە فەرمی پەسەند دەکرێت. 

ناوەڕۆکی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەبارەی ئەسیکۆدا:

1. هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی تەواوی دەبێت لە تۆمارکردنی کۆمپانیاکانی هەرێم لە سیستمی ئەسیکۆدادا.

2. راهێنان بە کارمەندانی دەروازەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن گومرگی فیدراڵییەوە دەکرێت.

3. رێککەوتنەکە پاڵپشت بە بڕگەی ماددەکانی 110، 112، 114 و 121 بڕگەی سێ لە دەستوور واژۆ کراوە.

4. یەکخستنی پێناسەی گومرگی لە سەرجەم دەروازەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و هەر گۆڕانکارییەک بکرێت بە هاوبەشی دەبێت.

5. زمانی کوردی بۆ سیستمی ئەسیکۆدا زیاد دەکرێت.

6. کۆپیی پارێزراوی سیستمەکە (باکئەپ) بۆ هەموو عێراق لە فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاریی هەرێمی کوردستان دەبێت.

7. داننان بە ناوچە گومرگییە ئازادەکانی هەردوو حکوومەت.

8. سەرجەم بەڵگەنامەکانی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان تایبەت بە پرۆژەکان لە سیستەمی ئەسیکۆدا کاریان پێدەکرێت

9. سەبارەت بە بابەتی دەروازە نافەرمییەکان، لێژنەی هاوبەشی بۆ پێکدێت.

10. هیچ سانسۆرێک ناخرێتە سەر هیچ دەروازەیەک لە عێراق بەوانەی هەرێمیشەوە.

11. بابەتی داهاتی گومرگی و باج لە ئەنجوومەنی ئابووریی عێراق یەکلا دەکرێتەوە.

12. رۆژژمێری کشتوکاڵیی یەکگرتوو پەیڕەو دەکرێت پاڵپشت بە رێککەوتنی هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵ.

13. لێخۆشبوونی گومرگی و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ لە ئەنجوومەنی ئابووری یەکلا دەکرێتەوە.

14. پشکنینی کۆنتڕۆڵی جۆریی کالای هاوردەکراو لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانی هەردوو حکوومەتەوە کاری پێ دەکرێت.

15. مۆڵەتی هاوردە و هەناردەی کاڵای دەرچوو لە حکوومەتی هەرێم کاری پێ دەکرێت.

16. بەڵگەنامەی کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان، دەرچوو لە تۆماری کۆمپانیاکانی هەرێم پەسەندە.

17. بەڵگەنامەکانی دەرچوو لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازیی هەرێم کاری پێ دەکرێت.