مەسرور بارزانی سوپاسی خەڵکی هەڵەبجە و هەورامان دەکات
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی خەڵکی پارێزگای هەڵەبجە و هەورامان دەکات بۆ هەوڵەکانیان لە دۆزینەوەی تەرمی گەشتیارێک. هاوکات داوای توندکردنی رێکارەکانی خۆپاراستن لە شوێنە گەشتیارییەکان دەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ـی حوزەیرانی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند، "سوپاس و پێزانینێکی زۆرم بۆ خەڵکی خۆشەویست و جوامێر و مرۆڤدۆستی پارێزگەی هەڵەبجە و هەورامان هەیە کە لە چەند رۆژی ڕابردوودا، هەوڵێکی بێ وچان و کۆششێکی بێ وێنەیان کرد لە دۆزینەوەی تەرمی گەشتیارێکی جوانەمەرگی خەڵکی کەربەلا بە ناوی روقیە".
سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوە کردووە، "ئەمەش هەرگیز نامۆ نییە بە کولتووری مرۆڤدۆستی و بەخشندەیی خەڵکی کوردستان، بە تایبەتی دەستخۆشی لە پارێزگاری هەڵەبجە و هێزە ئەمنییەکان و تیمەکانی بەرگری شارستانی و هەموو ئەو خۆبەخش و کەسانە دەکەم ڕۆڵیان لە دۆزینەوەی تەرمەکەدا هەبوو".
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا مەسرور بارزانی پرسە و هاوخەمیی قووڵی خۆی ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری ئەو گەشتیارە کرد و هیوای خواست خوای مەزن گیانی بە بەهەشت شاد بکات و ئارامییان پێ ببەخشێت.
سەرۆکی حکوومەت ئەوەشی خستەروو، "بە داخەوە لەم ماوەیەدا رووداو و کارەساتی دڵتەزێنی خنکان زۆر بوون، بۆیە دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت رێکار و رێنماییی پێویست بۆ خۆپارێزی لە شوێنە گەشتیارییەکان توندتر بکەن، بە تایبەتی لە نزیک رووبار، بەنداو و سەرچاوەکانی ئاو".
هەروەها داوای لە هاووڵاتییان و گەشتیاران کرد ئەو رێنماییانە لەبەرچاو بگرن و ئاگاداری ژیان و سەلامەتیی خۆیان و کەسوکاریان بن.
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:
سوپاس و پێزانینێکی زۆرم بۆ خەڵکی خۆشەویست و جوامێر و مرۆڤدۆستی پارێزگەی هەڵەبجە و هەورامان هەیە کە لە چەند رۆژی رابردوودا، هەوڵێکی بێ وچان و کۆششێکی بێ وێنەیان کرد لە دۆزینەوەی تەرمی گەشتیارێکی جوانەمەرگی خەڵکی کەربەلا بە ناوی روقیە، کە ئەمەش هەرگیز نامۆ نییە بە کولتووری مرۆڤدۆستی و بەخشندەیی خەڵکی کوردستان، بە تایبەتی دەستخۆشی لە پارێزگاری هەڵەبجە و هێزە ئەمنییەکان و تیمەکانی بەرگری شارستانی و هەموو ئەو خۆبەخش و کەسانە دەکەم رۆڵیان لە دۆزینەوەی تەرمەکەدا هەبوو.
پرسە و سەرەخۆشی قووڵی خۆم ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری خوالێخۆشبوو دەکەم و هاوخەمیانم. خودای مەزن گیانی بە بەهەشت شاد بکات و سەبر و ئارامییان پێ ببەخشێت.
بە داخەوە لەم ماوەیەدا، رووداو و کارەساتی دڵتەزێنی خنکان زۆر بوون، دەبێ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت رێکار و رێنمایی پێویستی سەلامەتی لە شوێنە گەشتیارییەکان توندوڵتر بکەن بە تایبەتی لە نزیک رووبار و بەنداو و سەرچاوەکانی ئاو. هەروەها داوا و تکا لە هاووڵاتییان و گەشتیارانی بەڕێز دەکەم، ئەو رێنماییانە لەبەر چاو بگرن و ئاگاداری سەلامەتی خۆیان و کەسوکاریان بن.
نزاکارین لە خودای مەزن کە هەموو لایەک بپارێزێت .
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2026/6/18