حکوومەتی سویسرا بۆ کوردستان24: هەموو ئامادەکارییەکان بۆ کۆبوونەوەکەی ئەمریکا و ئێران تەواو کراون
وەزارەتی دەرەوەی سویسرا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و ئێران هەنگاوێکی گرنگە و بۆ پاراستنی ئاسایشی کۆبوونەوەی نێوان هەردوو وڵاتیش، حکوومەتی وڵاتەکە ئاسمانی ناوچەکە دادەخات و دوو هەزار سەرباز بڵاوە پێدەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ـی حوزەیرانی 2026، لە وەڵامێکی تایبەتدا بۆ ئیمەیڵێکی فەرمیی دامەزراوەی میدیایی کوردستان24، وەزارەتی دەرەوەی سویسرا پێشوازیی لە واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران لەسەر بەرزترین ئاست لەلایەن هەردوو وڵاتەوە کرد.
وەزارەتی دەرەوەی سویسرا بە کوردستان24ـی راگەیاند، واژۆکردنی ئەم لێکتێگەیشتنە، هەنگاوێکی گرنگە بەرەو کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکەدا.
سەبارەت بە کۆبوونەوەکە، وەزارەتەکە ئاشکرای کرد، پلانەکە وەک خۆیەتی و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران لەگەڵ هەردوو وڵاتی نێوەندگیر (پاکستان و قەتەر) و وڵاتانی دیکەی پەیوەندیدار، رۆژی هەینی، 19ـی حوزەیرانی 2026، لە کۆمەڵگەی بێرگنشتۆکی کۆدەبنەوە.
وەزارەتی دەرەوەی سویسرا ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجی ئەم دیدارە ئەنجامدانی گفتوگۆ سەرەتاییەکان دەبێت سەبارەت بە میکانیزمی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە، بەڵام روونیشی کردەوە، لەم کاتەدا هیچ زانیارییەکی زیاتر لەسەر کارنامە و وردەکارییەکانی ئەم کۆبوونەوەیە ناتوانرێت بخرێتەروو.
لەبارەی ئامادەکارییەکانیش، وەزارەتەکە باسی لەوە کرد، حکوومەتی سویسرا بڕیاری داوە بە قەدەخەکردنی کاتی بەسەر گەشتە ئاسمانییەکاندا لە ماوەی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە و رایگەیاند، ئەم هەنگاوە بۆ پاراستنی ئاسایشی کۆبوونەوەکە و میوانەکان پێویستە، چونکە سویسرا بەپێی یاسای نێودەوڵەتی پابەندە بە پاراستنی ئەو کەسایەتییانەی خاوەن پارێزبەندیی تایبەتن.
وەزارەتی دەرەوەی سویسرا باسی لەوەش کرد، نزیکەی دوو هەزار سەرباز بۆ پاراستنی کۆبوونەوەی ئەمریکا و ئێران بڵاوەیان پێدەکرێت.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ـی حوزەیرانی 2026، مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەقی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان بە شێوەی دیجیتاڵی واژۆ کرد.
ئەم یاداشتنامەیە بە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد ناسراوە، مەبەست لێی کۆتاییهێنانە بە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران.
بڕیارە سبەی هەینی 19ـی حوزەیران، بە میوانداریی پاکستان و بە پاڵپشتیی قەتەر رێوڕەسمێکی فەرمی لە سویسرا بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ تەکنیکییەکان بەڕێوەبچێت. هەردوولا رێککەوتوون لە ماوەی 60 رۆژدا بگەنە چارەسەری کۆتایی و پابەند بن بە وەستاندنی هەموو جۆرە دوژمنایەتییەک لە سەرجەم بەرەکاندا.
دەقی 14 خاڵەکەی رێککەوتنەکە:
1. راگرتنی جەنگ: کۆتاییهێنانی دەستبەجێ و هەمیشەیی بە جەنگ لە هەموو بەرەکاندا لەوانەش لوبنان. هەردوولا بەڵێن دەدەن هیچ جۆرە هێرش و هەڕەشەیەک دژی یەکتر ئەنجام نەدەن.
2. سەروەریی خاک: هەردوو وڵات پابەند دەبن بە رێزگرتن لە سەروەریی خاکی یەکتر و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی یەکتر.
3. وادەی دانوستان: هەردوولا 60 رۆژ مۆڵەتیان لەبەردەمدایە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی.
4. کشانەوەی ئەمریکا: واشنتن دەستبەجێ گەمارۆی دەریایی سەر ئێران لادەبات و لە ماوەی 30 رۆژدا هاتوچۆی کەشتییەکان ئاسایی دەبێتەوە. هەروەها ئەمریکا لە ماوەی 30 رۆژ دوای رێککەوتنی کۆتایی، هێزەکانی لە ناوچەکانی دەوروبەری ئێران دەکێشێتەوە.
5. کەشتیوانی: ئێران لە ماوەی 30 رۆژدا هەموو ئاستەنگە تەکنیکییەکان و مینە دەریاییەکان لادەبات تاوەکوو هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز بۆ دەریای عومان ئاسایی بێتەوە.
6. ئاوەدانکردنەوەی ئێران: ئەمریکا و هاوبەشە ناوچەییەکانی پلانێکی گشتگیر بە بەهای کەمتر لە 300 ملیار دۆلار بۆ گەشەپێدانی ئابووریی ئێران جێبەجێ دەکەن.
7. هەڵگرتنی سزاکان: ئەمریکا پابەند دەبێت بە هەڵگرتنی هەموو جۆرە سزاکان (سەرەتایی، لاوەکی، بڕیارنامەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش و ئاژانسی ئەتۆمی) بەپێی خشتەیەکی کاتی.
8. بەرنامەی ئەتۆمی: ئێران دووپاتی دەکاتەوە هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەرهەم ناهێنێت. چارەنووسی یۆرانیۆمی پیتێنراو و پێداویستییە ئەتۆمییەکانی تاران لە رێککەوتنی کۆتاییدا یەکلایی دەکرێنەوە.
9. پاراستنی دۆخی ئێستا: تا کاتی گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی، ئێران گۆڕانکاری لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ناکات و ئەمریکاش سزای نوێ ناسەپێنێت و هێزی نوێ نانێرێتە ناوچەکە.
10. هەناردەی نەوت: وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەستبەجێ مۆڵەتی تایبەت دەردەکات بۆ ئەوەی ئێران بتوانێت نەوتی خاو و بەرهەمە پترۆکیمیاییەکانی بفرۆشێت.
11. ئازادکردنی داراییەکان: هەموو پارە و سەرمایە سڕکراوەکانی ئێران ئازاد دەکرێن و دەخرێنە ژێر دەسەڵاتی بانکی ناوەندیی ئێران بۆ هەر خەرجییەک وڵاتەکە بیەوێت.
12. چاودێری: میکانیزمێکی کارگێڕیی هاوبەش بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی ئەم خاڵانە و پابەندبوونی هەردوولا دادەمەزرێت.
13. مەرجی بەردەوامی: دوای دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی خاڵەکانی چوار، پێنج، 10 و 11، هەردوولا تەنیا لەسەر ئەو خاڵانەی ماونەتەوە دانوستان بۆ رێککەوتنی کۆتایی دەکەن.
14. پەسەندکردنی نێودەوڵەتی: رێککەوتنی کۆتایی دەبێت لە رێگەی بڕیارنامەیەکی پابەندکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەند بکرێت.