مەسرور بارزانی پێشوازی لە واژۆکردنی رێککەوتنەکەی ئەمریکا و ئێران دەکات
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پێشوازی لە واژۆکردنی رێککەوتنەکەی ئەمریکا و ئێران دەکات و دەڵێت "هیوادارم ببێتە سەرەتای قۆناغێکی نوێ لە ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا".
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ـی حوزەیرانی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکدا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" پێشوازی لە واژۆکردنی رێککەوتنەکەی ئەمریکا و ئێران کرد.
مەسرور بارزانی دەڵێت: "پێشوازی لە واژۆکردنی رێککەوتنەکەی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران دەکەم. هیوادارم ببێتە سەرەتای قۆناغێکی نوێ لە ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا".
I welcome the signing of the agreement between the United States and Iran. I hope it marks a new chapter of peace and stability in the region -mb.
— Masrour Barzani (@masrourbarzani) June 18, 2026
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ـی حوزەیرانی 2026، مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەقی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان بە شێوەی دیجیتاڵی واژۆ کرد.
ئەم یاداشتنامەیە بە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد ناسراوە، مەبەست لێی کۆتاییهێنانە بە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران.
بڕیارە سبەی هەینی 19ـی حوزەیران، بە میوانداریی پاکستان و بە پاڵپشتیی قەتەر رێوڕەسمێکی فەرمی لە سویسرا بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ تەکنیکییەکان بەڕێوەبچێت. هەردوولا رێککەوتوون لە ماوەی 60 رۆژدا بگەنە چارەسەری کۆتایی و پابەند بن بە وەستاندنی هەموو جۆرە دوژمنایەتییەک لە سەرجەم بەرەکاندا.
دەقی 14 خاڵەکەی رێککەوتنەکە:
1. راگرتنی جەنگ: کۆتاییهێنانی دەستبەجێ و هەمیشەیی بە جەنگ لە هەموو بەرەکاندا لەوانەش لوبنان. هەردوولا بەڵێن دەدەن هیچ جۆرە هێرش و هەڕەشەیەک دژی یەکتر ئەنجام نەدەن.
2. سەروەریی خاک: هەردوو وڵات پابەند دەبن بە رێزگرتن لە سەروەریی خاکی یەکتر و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی یەکتر.
3. وادەی دانوستان: هەردوولا 60 رۆژ مۆڵەتیان لەبەردەمدایە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی.
4. کشانەوەی ئەمریکا: واشنتن دەستبەجێ گەمارۆی دەریایی سەر ئێران لادەبات و لە ماوەی 30 رۆژدا هاتوچۆی کەشتییەکان ئاسایی دەبێتەوە. هەروەها ئەمریکا لە ماوەی 30 رۆژ دوای رێککەوتنی کۆتایی، هێزەکانی لە ناوچەکانی دەوروبەری ئێران دەکێشێتەوە.
5. کەشتیوانی: ئێران لە ماوەی 30 رۆژدا هەموو ئاستەنگە تەکنیکییەکان و مینە دەریاییەکان لادەبات تاوەکوو هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز بۆ دەریای عومان ئاسایی بێتەوە.
6. ئاوەدانکردنەوەی ئێران: ئەمریکا و هاوبەشە ناوچەییەکانی پلانێکی گشتگیر بە بەهای کەمتر لە 300 ملیار دۆلار بۆ گەشەپێدانی ئابووریی ئێران جێبەجێ دەکەن.
7. هەڵگرتنی سزاکان: ئەمریکا پابەند دەبێت بە هەڵگرتنی هەموو جۆرە سزاکان (سەرەتایی، لاوەکی، بڕیارنامەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش و ئاژانسی ئەتۆمی) بەپێی خشتەیەکی کاتی.
8. بەرنامەی ئەتۆمی: ئێران دووپاتی دەکاتەوە هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەرهەم ناهێنێت. چارەنووسی یۆرانیۆمی پیتێنراو و پێداویستییە ئەتۆمییەکانی تاران لە رێککەوتنی کۆتاییدا یەکلایی دەکرێنەوە.
9. پاراستنی دۆخی ئێستا: تا کاتی گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی، ئێران گۆڕانکاری لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ناکات و ئەمریکاش سزای نوێ ناسەپێنێت و هێزی نوێ نانێرێتە ناوچەکە.
10. هەناردەی نەوت: وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەستبەجێ مۆڵەتی تایبەت دەردەکات بۆ ئەوەی ئێران بتوانێت نەوتی خاو و بەرهەمە پترۆکیمیاییەکانی بفرۆشێت.
11. ئازادکردنی داراییەکان: هەموو پارە و سەرمایە سڕکراوەکانی ئێران ئازاد دەکرێن و دەخرێنە ژێر دەسەڵاتی بانکی ناوەندیی ئێران بۆ هەر خەرجییەک وڵاتەکە بیەوێت.
12. چاودێری: میکانیزمێکی کارگێڕیی هاوبەش بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی ئەم خاڵانە و پابەندبوونی هەردوولا دادەمەزرێت.
13. مەرجی بەردەوامی: دوای دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی خاڵەکانی چوار، پێنج، 10 و 11، هەردوولا تەنیا لەسەر ئەو خاڵانەی ماونەتەوە دانوستان بۆ رێککەوتنی کۆتایی دەکەن.
14. پەسەندکردنی نێودەوڵەتی: رێککەوتنی کۆتایی دەبێت لە رێگەی بڕیارنامەیەکی پابەندکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەند بکرێت.