زیاتر لە پێنج هەزار پارچە زەوی لە ئاکرێ دابەشکران
زیاتر لە پێنج هەزار پارچە زەوی لە سنووری قەزای ئاکرێ بە شێوەی تیروپشکی ئەلیکترۆنی بەسەر فەرمانبەران و پێشمەرگەدا دابەشکران.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ـی حوزەیرانی 2026، بە چاودێری و ئامادەبوونی عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، 5162 پارچە زەوی لە سنووری قەزای ئاکرێ دابەشکران.
لەو ژمارەیە 1398 پارچە زەوی بۆ فەرمانبەرانی ناوەندی ئاکرێ و 3764 پارچە زەوی بۆ فەرمانبەران و پێشمەرگەکانی سنووری ناحیەی گردەسێن تەرخانکران.
پارێزگاری دهۆک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بە ناوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئیدارەی پارێزگای دهۆک سوپاسی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات کە کار بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆسەیە دەکەن.
ئاماژەی بەوەش دا، لە قۆناغەکانی رابردوودا 18000 پارچە زەوی لە سنووری قەزا و ناحیەکانی پارێزگای دهۆک دابەش کراون. روونیشی کردەوە، ئامادەکاری و کارکردن بەپێی رێکار و رێنماییە یاساییەکان بۆ دابەشکردنی زەوی لە هەموو ناوچەکانی دیکەی پارێزگاکە بەردەوامە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای ساڵی 2024 بڕیاری دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی شارستانی و سەربازی و خانەنشینان دەرکرد. ئەم بڕیارە دوای وەستانێکی درێژخایەن دێت، مەبەست لێی سوودمەندبوونی ئەو فەرمانبەرانەیە پێشتر لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند نەبوون.
پارێزگای دهۆک یەکێک بووە لەو ناوچانەی بە خێرایی دەستی بە ئامادەکارییەکان کردووە و لە چەند قۆناغێکی جیاوازدا لە دهۆک، زاخۆ، سێمێل و ئامێدی تیروپشکی بۆ هەزاران فەرمانبەر ئەنجام داوە.
پرۆسەکە بە شێوەی ئەلیکترۆنی و بەپێی خاڵبەندی بەڕێوە دەچێت تاوەکوو دادپەروەری لە دابەشکردنەکەدا هەبێت.