دەم پارتی داوای یاسایەک بۆ پڕۆسەی ئاشتی دەکات
گوتەبێژی دەم پارتی جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە پڕۆسەی ئاشتی بکرێتە یاسایی و بخرێتە چوارچێوەیەک کە گەرەنتیی هەبێت. هاوکات وادەی بەستنی کۆنگرەی پێنجەمی پارتەکەشی ئاشکرا کرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ـی حوزەیرانی 2026، ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە بارەگای سەرەکی پارتەکەی لە ئەنقەرە، چەند لێدوانێکی گرنگی سەبارەت بە دۆخی سیاسیی تورکیا و پڕۆسەی ئاشتی و کاروباری ناوخۆیی پارتەکەی دا.
ئایشەگوڵ دۆغان ئاماژەی بەوە کرد، بۆ تێپەڕاندنی ئەو سستییەی لە پڕۆسەی ئاشتیدا هەیە، دەرکردنی یاسایەکی چوارچێوەیی (یاسایەک کە بنەماکانی پڕۆسەکە دیاری بکات) ئێستا کارێکی پێویستە و گوتی "هەر لایەنێک لەناو دەسەڵات یان دەوڵەتدا ببێتە هۆی دواخستنی چوارچێوەی یاسایی ئەم پڕۆسەیە، بەرپرسیارێتییەکی گەورەی مێژوویی دەکەوێتە ئەستۆ. ئامانجی سەرەکیمان ئەوەیە کە ئەم ڕێکخستنە یاساییە لە مانگی تەمووزدا لە پەرلەمانی تورکیا پەسەند بکرێت."
سەبارەت بە کۆبوونەوەی شاندی ئیمرالیی دەم پارتی لەگەڵ نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، ئایشەگوڵ دۆغان رایگەیاند، سەرۆکایەتیی پەرلەمان تەنیا شوێنێک نییە بۆ "دەربڕینی هیوا و ئاوات"، بەڵکو پێویستە وەک دامەزراوەیەکی فەرمی بەرپرسیارێتیی خۆی لە نەخشەرێگای پڕۆسەکەدا هەڵبگرێت.
هەروەها جەختیشی کردەوە کە بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەیەکی تەندروست، پێویستە بارودۆخی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە زیندان بگۆڕدرێت و دەرفەتی پەیوەندیکردنی بە جیهانی دەرەوە فراوان بکرێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گوتەبێژی دەم پارتی باسی لە نوێبوونەوەی پارتەکەی کرد و رایگەیاند، پێنجەمین کۆنگرەی ئاسایی "دەم پارتی" لە رێککەوتی 20ـی ئەیلوول لە هۆڵی وەرزشی "ئەنقەرە ئارێنا" بەڕێوەدەچێت. گوتیشی، ئەم کۆنگرەیە تەنیا بۆ گۆڕینی ئیدارە و بەڕێوەبردن نییە، بەڵکو هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ بەهێزکردنی خەباتی دیموکراسی و سیاسی لە وڵاتدا.