پارێزگاری بەغدا: دەمانەوێت سوود لە ئەزموونی هەولێر وەربگرین

عەتوان عەتوانی، پارێزگاری بەغدا
عەتوان عەتوانی، پارێزگاری بەغدا

پارێزگاری بەغدا، ئاماژەی بەوە کرد، کە ئامانجی سەرەکیی سەردانەکەی بۆ هەولێر، بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و سوودوەرگرتنە لە ئەزموونە سەرکەوتووەکانی پایتەختی هەرێمی کوردستان، بە تایبەت لە کەرتی وەبەرهێنان و پڕۆژەکانی رێگاوباندا.

پێنجشەممە، 18ـی حوزەیرانی 2026، عەتوان عەتوانی، پارێزگاری بەغدا، لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "باسی رۆژ"ـی کەناڵی کوردستان24 رایگەیاند، پایتەختی عێراق پێویستییەکی جیددی بە گواستنەوەی ئەزموونە خزمەتگوزاری و وەبەرهێنانەکانی هەولێر هەیە بۆ چارەکردنی ئەو کێشە ژێرخانییانەی کە ساڵانێکە شارەکەی ماندوو کردووە.

عەتوانی ئاماژەی بەوە کرد ،کە ئەمە سێیەم شەویەتی لە هەولێر بەسەری دەبات و لەم ماوەیەدا چەندین پڕۆژەی گرنگی پایتەختی هەرێمی کوردستان سەرنجیان راکێشاوە، کە گرنگترینیان پڕۆژەی "پشتێنەی سەوزایی" و پڕۆژەکانی رێگاوبانی خێران، کە ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبووە لە کەمکردنەوەی جەنجاڵیی هاتوچۆ لە سەنتەری شاری هەولێردا.

هاوکات گوتی: "لە بەغدا ئەو جۆرە رێگا خێرایانەمان نییە، بۆیە کۆشش دەکەین بۆ ئەوەی سوود لە ئەزموونی سەرکەوتووی هەولێر وەربگرین، چونکە بەغدا پێویستی بە کەمکردنەوەی چەقبەستوویی هاتوچۆ هەیە لە رێگەی دروستکردنی رێگاوبانی خێراوە."

پارێزگاری بەغدا سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵا بە "دەرفەتێکی زۆر باش" ناوبرد و ئاشکرای کرد، کە لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکومەت و وەزیری ناوخۆ کۆبووەتەوە. عەتوانی جەختی کردەوە کە ئامانجی سەرەکیی ئەم کۆبوونەوانە، قووڵکردنەوە و بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانە، شانبەشانی سوودوەرگرتن لە مۆدێلە سەرکەوتووەکانی هەولێر بەتایبەت لە کەرتی وەبەرهێناندا، کە بە وتەی ئەو، کەرتی وەبەرهێنان لە هەولێر گەشەیەکی زۆر چالاکی بەخۆیەوە بینیوە و وەک خاڵێکی وەچەرخان سەیر دەکرێت.

سەبارەت بە دۆخی خزمەتگوزاری لە بەغدا، عەتوانی دانی بەوەدا نا، کە ژێرخانی پایتەخت زۆر ماندوو و کۆنە و پڕۆژەکانی پێویستیان بە نوێکردنەوە و رێگای بازنەیی هەیە.

ئاماژەی بەوەش دا، ئێستا پێنج پڕۆژەی گەورە لە بەغدا لە بواری جێبەجێکردندان، بەڵام کێشەی سەرەکییان دواکەوتنی بودجەیە کە بەربەست لەبەردەم کارەکانیان دروست دەکات. 

پارێزگاری بەغدا روونکردنەوەی دا ، کە بەغدا ساڵانە پێویستی بە زیاتر لە ترلیۆنێک دینار هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت تەواوی پڕۆژەکانی تێدا جێبەجێ بکات، بە تایبەت نۆژەنکردنەوەی پڕۆژە کۆنەکان و دروستکردنی نەخۆشخانەی زیاتر.

 سەبارەت بە پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی بۆ بەغدا، عەتوانی ئاشکرای کرد، کە ئەم پڕۆژەیە ماوەیەکی درێژە پێشنیاز کراوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی بودجەوە دواکەوتووە و، جێبەجێکردنیشی لە بەغدا لە ئێستا پێویستی بە زیاتر لە چوار ساڵ کارکردنی بەردەوام هەیە.