پێنتاگۆن داوای 80 ملیار دۆلاری دیکە بۆ تێچووی جەنگی ئێران دەکات

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاشکرای کرد، وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) هەوڵدەدات بڕی 80 ملیار دۆلاری دیکە وەک بودجەی زیادە بۆ داپۆشینی تێچووی جەنگی ئێران و خەرجییە سەربازییەکانی دیکە بەدەستبهێنێت.

بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، ستیڤن فاینبێرگ، یاریدەدەری وەزیری جەنگی ئەمریکا لە چەند رۆژی رابردوودا پەیوەندی بە یاسادانەرانی وڵاتەکەیەوە کردووە بۆ تاوتوێکردنی داواکارییەکی نوێی دارایی، ئەوەش لەکاتێکدایە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لەژێر گوشارێکی زۆردایە بۆ خستنەڕووی وردەکاریی تێچووی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دوایی.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ژمارەیەک لە یاسادانەرانی ئەمریکا نیگەرانن لە کەمبوونەوەی کۆگاکانی تەقەمەنی ستراتیژی و پێیان وایە ئەمە کاریگەریی دەکاتە سەر توانای واشنتن بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر تەنگژەیەکی دیکە لە ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا.

هاوکات بەرپرسانی پێنتاگۆن هۆشدارییان داوە، ئەگەر کۆنگرێس رەزامەندی لەسەر تەرخانکردنی ئەو بودجەیە نەدات، رەنگە لە وەرزی هاویندا ئەو پارەیەی بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان تەرخانکراوە تەواو بێت.

ئەو بودجەیەی پێنتاگۆن داوای دەکات، جگە لە جەنگی ئێران، خەرجیی بڵاوکردنەوەی هێز لەسەر سنوورەکانی باشووری ئەمریکا و ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە ماددە هۆشبەرەکان لە ناوچەی کارایبی و رۆژهەڵاتی زەریای هێمن لەخۆ دەگرێت. جێی ئاماژەیە، پێنتاگۆن لە مانگی ئایاری رابردوو تێچووی جەنگی ئێرانی بە 29 ملیار دۆلار خەمڵاندبوو، بەڵام ئێستا تێچووەکە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.

چاوەڕوان دەکرێت ئەم داواکارییە مشتومڕێکی سیاسی گەورە لەناو کۆنگرێس دروست بکات؛ دیموکراتەکان داوا دەکەن پێش پەسەندکردنی بودجەکە دەنگ لەسەر مۆڵەتی یاسایی بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بدرێت، لە بەرامبەردا کۆمارییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە پێویستە بە پەلە سەرچاوە سەربازییەکانی سوپا قەرەبوو بکرێنەوە.