79ساڵ بەسەر لە سێدارەدانی چوار ئەفسەری کورد تێدەپەڕێت
79ساڵ بەسەر لە سێدارەدانی چوار ئەفسەری کورد تێدەپەڕێت، کە بوونە قوربانیی بیروباوەڕی نەتەوەیی و داکۆکیکردن لە یەکەمین کۆماری کوردستان لە مەهاباد.
دوای راگەیاندنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد لە ساڵی 1946، چوار ئەفسەری کورد بە گیانێکی نیشتمانپەروەرییەوە روویان لە رۆژهەڵاتی کوردستان کرد و پەیوەندییان بە ریزەکانی سوپای کۆماری کوردستانەوە کرد. ئەوان لە ژێر فەرماندەیی جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی، رۆڵێکی کارایان لە پاراستنی دەستکەوتەکانی کۆمار و بەرگریکردن لە خاک و ناسنامەی کورد گێڕا. دوای ئەوەی کۆماری کوردستان بەهۆی گۆڕانکارییە سیاسییەکان و هێرشی سوپای ئێران تووشی هەرەس بوو، ئەم چوار ئەفسەرە گەڕانەوە بۆ باشووری کوردستان (عێراق).
گەڕانەوەی ئەم چوار ئەفسەرە بۆ عێراق، لەلایەن ڕژێمی پاشایەتیی ئەو کاتەوە بە سیناریۆیەکی سیاسی و سەربازی وەڵام درایەوە. لە بەرەبەیانی 19ـی حوزەیرانی ساڵی 1947، بە فەرمانی راستەوخۆی "ساڵح جەبر" سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتی عێراق، تەنیا بەهۆی بەشدارییان لە کۆماری کوردستان لە مەهاباد، سزای لەسێدارەدان بەسەر عیزەت عەبدولعەزیز، مستەفا خۆشناو، خەیروڵا عەبدولکەریم و محەمەد قودسی لە بەغدا جێبەجێ کرا. رژێم لەو سەردەمەدا ویستی بە شەهیدکردنی ئەوان، دەنگی ئازادیخوازیی کورد کپ بکات.
دوای 11 ساڵ لەو رووداوە، مێژوو بە جۆرێکی دیکە نووسرایەوە. دوای گەڕانەوەی مێژوویی مهلا مستهفا بارزانی له یهكێتی سۆڤیهت لە ساڵی 1958، یەکێک لە هەنگاوە هەرە گرنگەکانی بارزانی لەگەڵ حکوومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتی "عەبدولکەریم قاسم"، پاککردنەوەی ناوی ئەو چوار ئەفسەرە بوو لەو تۆمەتە ناڕەوایانەی پێیان وابەستە کرابوو.
لەژێر گوشار و داواکاری بارزانی، حکوومەتی ئەو کاتی عێراق بە فەرمی لە بڕیارەکەی ڕژێمی پێشوو پەشیمان بووەوە و لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا، چوار ئەفسەرە شەهیدەکەی وەک "شۆڕشگێڕ و نیشتمانپەروەر" ناساند. بەمەش نەک هەر شکۆی سەربازی و نەتەوەیی بۆ خۆیان و خێزانەکانیان گەڕایەوە، بەڵکو وەک سیمبولی نێوان هەردوو پارچەی کوردستان لە مێژوودا مانەوە.
ئەمڕۆ، گەلی کورد بە شانازییەوە یادی ئەم چوار قارەمانە دەکاتەوە کە خوێنیان بووە هەوێنی بەردەوامیی شۆڕش و تێکۆشان لە پێناو مافە ڕەواکانی کوردستاندا.