پیرەمێرد؛ ئەو شاعیرەی شکۆی بۆ نەورۆز و رۆژنامەگەریی کوردی گەڕاندەوە
لە مێژووی هاوچەرخی گەلی کورددا، کەم دەستەبژێر و نووسەر هەن وەک "پیرەمێرد" کاریگەرییان لەسەر بونیادنانی ناسنامەی نەتەوەیی و کولتووری هەبووبێت، ئەو نەک هەر هۆزانڤان بوو، بەڵکوو پێشەنگی رۆژنامەگەری و زیندووکەرەوەی جەژنی نەورۆز بوو لە باشووری کوردستان.
تۆفیق مەحموود هەمزە، ناسراو بە "پیرەمێرد" لە ساڵی 1867 لە گەڕەکی گۆیژەی شاری سلێمانی لەدایکبووە و لە 19ـی حوزەیرانی 1950، لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆ کۆچی دوایکرد.
پیرەمێردی شاعیر، دوای ساڵانێکی درێژ لە کارکردن لە پلە و پۆستە باڵاکانی دەوڵەتی عوسمانی لە ئەستنبوڵ، گەڕایەوە نیشتمان و تەواوی ژیانی خۆی بۆ خزمەتی وشەی کوردی و پەروەردەکردنی نەوەیەکی نوێ تەرخان کرد، لەسەر هەمان رێبازی شاعیرانی پێشخۆی مزگەوت بە مزگەوت گەڕاوە بۆ ئەوەی بتوانێت خۆی فێری زانست و مەعریفە بکات.
پیرەمێرد بە یەکێک لە پایە گرنگەکانی ڕۆژنامەگەریی کوردی دادەنرێت. دوای گەڕانەوەی بۆ سلێمانی، بەرپرسیارێتی رۆژنامەی "ژیان"ی گرتەئەستۆ و دواتر رۆژنامەی "ژین"ی دەرکرد. ئەو لەو ڕێگەیەوە نەک هەر هەواڵ، بەڵکوو فیکر، ئەدەب و رەخنەی کۆمەڵایەتی بڵاودەکردەوە و چاپخانەی "ژین"یشی کردە ناوەندێک بۆ چاپکردنی کتێب و بەرهەمە ئەدەبییەکان لەسەر ئەرکی خۆی.
یەکێک لە گەورەترین شانازییەکانی ژیانی پیرەمێرد، زیندووکردنەوەی جەژنی نەورۆز بوو لە شاری سلێمانی. لە سەردەمێکدا کە هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەی کوردی دەدرا، پیرەمێرد خەڵکی هان دەدا بچنە سەر گردی "مامە یارە" و ئاگری نەورۆز بکەنەوە. ئەو بە هۆنراوە بەناوبانگەکەی "نەورۆز" کە دەڵێت: (ئەم ڕۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە هاتەوە..)، گیانێکی نوێی بە بەر جەژنە نەتەوەییەکەدا کرد و تا ئێستاش ئەو سروودە وەک مارشی سەرەکی نەورۆز لە هەموو شوێنێک دەوترێتەوە.
پیرەمێرد تەنیا شاعیری جوانی و سروشت نەبوو، بەڵکوو شاعیرێکی فێرکار بوو. ئەو لە رێگەی "پەندی پێشینان" و نووسینەکانیدا، هەمیشە جەختی لەسەر گرنگی زانست، خوێندن و دەستپێوەگرتن بە کەرامەتی نەتەوەیی دەکردەوە. ئەو پێی وابوو بێداری گەل لە رێگەی قەڵەم و زانیارییەوە دەبێت.