پەروین بوڵدان: دەرکردنی یاسای پڕۆسەی ئاشتی تەنیا پێنج رۆژی دەوێت
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و ئەندامی شاندی ئیمرالیی دەم پارتی ڕایگەیاند، ئەگەر ئیرادەی سیاسی هەبێت، دەرکردنی یاسای تایبەت بە پڕۆسەی ئاشتی کارێکی زۆر نییە و لە ماوەی پێنج ڕۆژدا تەواو دەبێت.
پەروین بوڵدان، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە چاوپێکەوتنێکی میدیایدا، تیشکی خستە سەر هەوڵەکان بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی و گوتی "هەتا پڕۆسەکە کاتی زیاتر بخایەنێت، مەترسییەکانی سەرکەوتنی زیاتر دەبن. ئەگەر ویست هەبێت، دەرکردنی یاساکە تەنیا پێنج رۆژ کاری دەوێت. ئەگەر یاساکە دەربچێت، نەخشەڕێگاکە دیاری دەبێت و پڕۆسەکە زۆر خێرا دەبێت."
بوڵدان سەبارەت بە کۆبوونەوەی لەگەڵ نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا دەربارەی پڕۆسەی "ئاشتی" ئاماژەی بەوە کرد، کە کورتوڵموشیش هاوڕایە کە دەرکردنی یاسایەکی چوارچێوە پێش پشووی پەرلەمان، خزمەت بە تورکیا دەکات.
گوتیشی "هەرچەندە هێشتا ئەنجامێکی کۆنکرێتی نییە، بەڵام من گەشبینم، ئەمجارە رەنگە ئاسانتر بێت."
سەبارەت بە وردەکارییەکان، پەروین بوڵدان روونی کردەوە کە باس لە یاسایەکی چوارچێوە دەکرێت کە تەنیا 7 بۆ 8 ماددە لەخۆ دەگرێت. ئەگەر دوو ڕۆژ لە لیژنەکاندا کاری لەسەر بکرێت و دواتر بخرێتە بەردەم کۆبوونەوەی گشتی پەرلەمان، لە ماوەی 5 رۆژدا هەموو کارەکانی کۆتایی دێت.
ئەو ئەندامەی شاندی ئیمرالی جەختی لەوەش کردەوە کە پێویستە پێش پشووی پەرلەمان ئەم هەنگاوە بنرێت، چونکە "دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەگەرەکانی شەڕی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل نادیارن، هەروەها لە ناوخۆی تورکیاشدا کەسانێک هەن دەیانەوێت پڕۆسەکە سەرکەوتوونەبێت، بۆیە هەر دواکەوتنێک مەترسییەکان بۆ سەر پڕۆسەی ئاشتی زیاتر دەکات."