قالیباف: لە دانوستان لەگەڵ ئەمریکا سازش لەسەر هێڵە سوورەکانمان ناکەین
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی تیمی دانوستانکاری ئێران رایگەیاند، هەر دانوستانێکی داهاتوو لەگەڵ واشنتن بە توندی پابەندی "هێڵە سوورەکانی" تاران دەبێت و سەرەڕای رێککەوتنی نوێ بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکان، وڵاتەکەی سازش لەسەر بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ناکات.
رۆژی هەینی 19ی حوزەیرانی 2026، ئاژانسی فەرمیی "ئیرنا" بڵاویکردەوە، محەمەد باقر قالیباف ئاماژەی بەوە کردووە، وەک لە رابردوودا سەلماندوویانە، ئەوان لە جێبەجێکردنی مەرجەکان و بەدیهێنانی بەرژەوەندییەکانی گەلی ئێران جێگیرن. قالیباف هۆشداریی دا و گوتی: "ئەگەر دوژمن بیەوێت زیادەڕۆیی بکات، سەلماندوومانە کە پەنجەمان لەسەر پەلەپیتکەیە و لە وەڵامێکی توند دوودڵ نابین".
ئەم لێدوانانەی قالیباف دوای چەند رۆژێک دێت لە واژۆکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە نێوان تاران و واشنتن، بە مەبەستی کۆتاییهێنان بەو جەنگە ناوچەییەی لە 28ی شوباتەوە و پاش هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران هەڵگیرسابوو.
لەلایەکی دیکەوە، ئایەتوڵڵا موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران لە پەیامێکدا رایگەیاند، رەزامەندی لەسەر رێککەوتنەکە داوە سەرەڕای ئەوەی "تێڕوانینێکی جیاوازی" لەسەر بابەتەکە هەبووە. خامنەیی جەختی کردەوە کە دانوستانی راوخۆ لەگەڵ ئەمریکا بە واتای قبوڵکردنی تێڕوانینی دوژمن نییە.
هاوکات مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران کە رێککەوتنەکەی واژۆ کردووە، بەڵێنی دا ئیدارەکەی پارێزگاری لە هێڵە سوورەکان و "شکۆ و دەسەڵاتی" وڵاتەکەی بکات.
رێککەوتنەکە کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ و پزیشکیانەوە واژۆ کراوە، چوارچێوەیەک بۆ دانوستانی وردی 60 رۆژە لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی و لابردنی سزاکان دیاری دەکات.
یاداشتەکە داوای کۆتاییهێنان بە دوژمنکارییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەنێویاندا لوبنان دەکات، هاوکات هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی دوو مانگەی ئەمریکا لەسەر بەندەرە ئێرانییەکان و کردنەوەی گەرووی هورمز بۆ ماوەی 60 رۆژ لەخۆ دەگرێت. لە بەرامبەردا ئێران پابەند بووە بەوەی پەرە بە چەکی ئەتۆمی نەدات.
سەرەڕای رێککەوتنەکە، باڵی کۆنەپارێز لە ناوخۆی ئێران گومانیان لە نیەتەکانی واشنتن هەیە. حوسێن شەریعەتمەداری، سەرنووسەری رۆژنامەی کەیھان رایگەیاند، ئەمریکییەکان پابەندی بەڵێنەکانیان نابن. هەروەها ئیبراهیم رەزایی، گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی پەرلەمان، رەخنەی لە ئەگەری رێگەدان بە چاودێرانی ئەتۆمی گرت بۆ پشکنینی دامەزراوەکانی ئێران و رایگەیاند، پەرلەمان لە دژی هەر سەرپێچییەک دەوەستێتەوە.