ترەمپ: پابەندی وادەی 60 رۆژەی دانوستانەکان دەبین

سەرۆکی ئەمریکا، بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئێران بەهۆی "بێ ئومێدییەوە" رازی بووە بە دانوستان و جەختی کردەوە، هێزی سەربازیی ئەو وڵاتە بەهۆی جەنگەوە بە تەواوی پەککەوتووە؛ دڵنیایی دا کە لە ماوەی 60 رۆژی داهاتوودا "تەنانەت 10 سەنتیش" نادرێتە تاران.

هەینی 19ـی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" رایگەیاند: "ئێمە بەهۆی بێ ئومێدییەوە کۆنەبووینەتەوە، بەڵکو ئێران وابوو. ئەوان کاریان تەواو بووە " ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، ئیدارەکەی پابەندی وادەی 60 رۆژەی دانوستانەکان دەبێت، بەڵام هیچ بڕە پارەیەک بۆ تاران رەوانە ناکەن.

لە پەیامێکی دیکەدا، ترەمپ وێنای وێرانکارییەکانی جەنگی دژ بە ئێرانی کرد و نووسیویەتی: "جەنگەکە ئێرانی بچووک کردەوە. ئەوان چیتر نە هێزی ئاسمانی، نە هێزی دەریایی، نە سیستەمی دژە فڕۆکە و نە راداریان ماوە، بە کردەیی هەموو شتێکیان لەدەستداوە."

سەرۆکی ئەمریکا هێرشی توندی کردە سەر رکابەرە سیاسییەکانی لە ناوخۆی ئەمریکا و گوتی: "دیموکراتەکان دەڵێن ئێران ئێستا دۆخی باشترە لە چاو چوار مانگ لەمەوبەر! دەتوانن خەیاڵی ئەوە بکەن چۆن شتی وا دەڵێن؟ هەندێک خەڵک تا چەند دەتوانن گەمژە بن؟" ئەم لێدوانانەی ترەمپ وەک بەشێک لە بانگەشەی سەرکەوتنی سەربازیی واشنتن و وەڵامدانەوەی رەخنەگرانی ناوخۆیی لێکدەدرێتەوە.