دامەزراوەیەکی ئەمریکی: چەکی گرووپەکان کۆسپە لەبەردەم کاری حکوومەتی عێراق
راپۆرتێکی نوێی دامەزراوەی بەرگریی لە دیموکراسییەکان کە بنکەکەی لە ئەمریکایە، گومان دەخاتە سەر توانای حکوومەتی عێراق بۆ راگرتنی هاوسەنگی لەنێوان کۆنترۆڵکردنی گرووپە چەکدارەکان و راکێشانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان.
دامەزراوەکە دەڵێت؛ حکوومەتی عێراق لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی قورسدایە؛ لە لایەک دەیەوێت گرەنتی بداتە کۆمپانیاکانی وزەی ئەمریکا بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە عێراق، لە لایەکی دیکەشەوە ناتوانێت پرسی چەکی میلیشیاکان یەکلا بکاتەوە. بە بڕوای پەیمانگاکە، هەر گرەنتییەکی ئەمنی بێ مانا و بێ بایەخە تا ئەو کاتەی چەک بە دەست گرووپەکانەوە بێت.
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، کاریگەریی تاران تەنیا لە کەرتی ئەمنیدا نییە، بەڵکو گەیشتووەتە ناو جومگەکانی حکوومەت و ئابووری عێراق. بۆ کەمکردنەوەی ئەم کاریگەرییە، راپۆرتەکە پێشنیاز دەکات، قەدەخەکردنی کارکردنی ئەندامانی گرووپە چەکدارەکان لە پۆستە باڵاکانی حکوومەت (وەک بریکاری وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی)، بەکارهێنانی سزاکانی ماگنیتسکی لەلایەن گەنجینەی ئەمریکاوە دژی ئەو بەرپرسانەی پۆستەکانیان بۆ بەرژەوەندی ئێران و گرووپە چەکدارەکان بەکاردەهێنن، هەروەها حکوومەتەکەی عەلی زەیدی لەژێر وردبینیدا.
سەبارەت بە عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕاپۆرتەکە دەڵێت: هەرچەندە ئیدارەی ترهمپ پشتگیری لێ دەکات و بە بژاردەیەکی باشی دەبینێت، بەڵام زەیدی پاشخانێکی سیاسی وای نییە کە پابەندبوونی بە کارە لەپێشینەکانی واشنتن بسەلمێنێت، زەیدی لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە دەستنیشانکراوە کە هاوپەیمانی ئێرانن، ئەمەش گومان لای ئەمریکییەکان دروست دەکات.
سەبارەت بە راگەیاندنی هەندێک گرووپ (وەک عەسائیب، کەتائیب و سەرایا سەلام) بۆ دانانی چەکەکانیان، پەیمانگاکە دەڵێت؛ ئەمە هەنگاوێکی باشە، بەڵام پرسیاری گەورە ئەوەیە: ئەو هەموو چەک و چەکدارە بۆ کوێ دەچن؟
ئاماژە بەوەش کراوە کە قەیس خەزعەلی هێشتا بەرگریی لە شەرعییەتی مانەوەی حەشدی شەعبی دەکات.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا دەستخۆشی لە هەوڵەکانی عێراق کردووە بۆ گەڕانەوەی کۆمپانیاکانی وەک (HKN، ويسترن زاغروس، و هانت)، بەڵام راپۆرتەکە هۆشداری دەدات: "ئەم کۆمپانیایانە پێشتر لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە کراونەتە ئامانج، تا ئەو گرووپانە چەکدار بن، هیچ شوێنێک ئارام نابێت."
لە کۆتاییدا، راپۆرتەکە داوا لە واشنتن دەکات فشار بخاتە سەر بەغدا بۆ ئەوەی خشتەیەکی کاتی دیاریکراو بۆ داماڵینی چەکی گرووپەکان دابنێت، هەروەها هەنگاوی جددی بنێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی، چونکە بە بارگرانییەکی دارایی و ئەمنی گەورە لەسەر عێراق ناوی بردووە.