نیویۆرک تایمز: تێچووی جەنگی ئەمریکا و ئێران 132 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، جەنگی 15 هەفتەیی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران کە لە 28ـی شوباتی رابردووەوە دەستی پێکردبوو، زیانی گەورەی دارایی، گیانی و ئابووری لێکەوتووەتەوە. ئەم زانیارییانە دوای واژۆکردنی یاداشتی لێکگەیشتن بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی ئاشتی بڵاوکراونەتەوە.
لە ماوەی جەنگەکەدا نزیکەی 3500 ئێرانی، 3700 لوبنانی، 26 ئیسرائیلی و 13 سەربازی ئەمریکی گیانیان لەدەستداوە. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، دڵتەزێنترین رووداو تێکدانی قوتابخانەیەکی منداڵان بووە لە ئێران تێیدا 175 کەس گیانیان لەدەستداوە.
کۆی گشتی تێچووەکە بۆ ئەمریکا گەیشتووەتە 132 ملیار دۆلار. ئەم بڕە پارەیە تەنیا خەرجی سەربازی راستەوخۆ 29 ملیار دۆلار نییە، بەڵکو چاککردنەوەی بنکە سەربازییەکان، دابینکردنی تەقەمەنی، خەرجی کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکان و ئەو زیانانەشی گرتووەتەوە کە بەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە سعوودیە کەوتوون.
ئاڵۆزییەکانی گەرووی هورمز بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ 120 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. ئەمەش وایکردووە نرخی هەر گالۆنێک بەنزین لە 2.98 دۆلارەوە بۆ 4 دۆلار بەرزبێتەوە، بە تێکڕا هەر خێزانێکی ئەمریکی 460 دۆلار زیانی لێکەوتووە و تێچووی گواستنەوەش زیادی کردووە.
داخستنی گەرووی هورمز بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ماددەی گۆگرد کە پێکهاتەی سەرەکی پەینی کیمیایییە. شارەزایانی رێکخراوی فاو هۆشداری دەدەن، ئەمە دەبێتە هۆی گرانبوونی نرخی خۆراک و دروستبوونی تەنگژەی برسێتی لەسەر ئاستی جیهان.