لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان ژمارەیەک هاووڵاتی کوژران

سەرەڕای رێککەوتننی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنان، تەلئڤیڤ جارێکی دیکە هێرشی کردەوە سەر چەند شوێنێکی باشووری لوبنان.

میدیاکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاویان کردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 20ـی حوزەیرانی 2026، ئیسرائیل سێ هێرشی ئاسمانی کردە سەر نەبەتیە ئەلفەوقا، ئەوەش دوای تەقەکردنی سوپای ئیسرائیل و حزبوڵڵای لەیەکتر و تۆپبارانی گوندەکانی سەر بە نەبەتیە و حەبوش، مەیفەدون و نەبەتیە ئەلفەوقا هات.

هەروەها ئاماژەیان بەوەدا، فڕۆکە ئیسرائیلییەکان گوندەکانی ئەلنەمیریە، شوکین، کفەرجوز و عەرەب سەلیمیان لە قەزای نەبەتیە و هەروەها جەبەل ئەلڕەفیع لە ناحیەی جزین لە باشووری لوبنان کردووەتە ئامانج.

هەر ئەمڕۆ ئاژانسی وەتەنیەی فەرمی لوبنان رایگەیاند، لە نیوەشەوی رابردوو تا ئەمڕۆ بەیانی ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی کردە سەر زیاتر لە 12 شوێنی باشووری لوبنان، کە بەهۆیەوە سێ کەس لە نەبەتیە کوژراون و هەروەها لە دێرزەهرانیش کەسێکی دیکە کوژرا، رۆژنامەکەی لوابنان ئاماژەی بە کوژرانی کەسێکی دیکەش لە رۆژهەڵاتی شاری دویر کرد.     

ئەمەش دوای ئەوە هات، دوێنێ هەینی دوو سەرچاوەی حزبوڵڵای لوبنانی و بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل ئاگربەستەکەیان پشتڕاستکردەوە. ئەو بەرپرسە ئیسرائیلییە رایگەیاندبوو، "تا حزبوڵڵا هێرش نەکاتە سەرمان، شەڕ روونادات"، ئاماژەی بەوەشکرد، ئیسرائیل هێزەکانی لە باشووری لوبنان دەپارێزێت، کە رووبەرێکی نزیکەی 10 کیلۆمەتر بەدرێژایی سنوورەکانی داگیرکردووە.

ئەم ئاڵۆزییە هەڕەشە لە دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران کردووە، دوای ئەوەی ئێران دواخستنی کۆبوونەوەی واژۆکردنی رێککەوتنی راگەیاند کە بڕیار بوو رۆژی هەینی لە سویسرا بەڕێوە بچێت، بەهۆی هێرشکردنە سەر لوبنان.

هەینی 19ی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بۆ (NBC News) پشتڕاستی کردەوە، خۆی راستەوخۆ داوای لە ئیسرائیل کردووە ئاگربەست قبووڵ بکەن. ترەمپ ئەم هەنگاوەی بە "پۆزەتیڤ" ناوبرد و گوتی: "ئەم ئاگربەستە وەک کرێمەکەی سەر کێکەکەیە (ئاماژە بۆ تەواوکەری رێککەوتنە گەورەکەی لەگەڵ ئێران)."

هەر رۆژی هەینی وەزارەتی تەندروستی لوبنان رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان،  18 کەس کوژراون و 33 کەسی دیکەش بریندار بوون.

دووشەممە، 15ـی حوزەیرانی 2026، سوپای ئیسرائیل لەراگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لە سەرەتای دەسپێکی جەنگەوە تا ئێستا 31 سەربازی ئیسرائیلی کە ئەفسەریشیان تێدایە کوژراون و هەزار و 302 سەربازی دیکەش بریندرابوون.

لە لایەکی دیکەوە، بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستی لوبنان، لە دوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان لە 2ـی ئاداری رابردووەوە، زیاتر لە 3756 کەس کوژراون و 11632 کەسی دیکەش بریندار بوون، جگە لە ئاوارەبوونی زیاتر لە یەک ملیۆن کەس.