عەباس عێراقچی و ویتکۆف بەرەو سویسرا بەڕێکەوتن
سویسرا ئامادەکاریی بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان دەکات
سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژە بەوە دەکەن، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، پلانی هەیە ئەمڕۆ شەممە بەرەو سویسرا بڕوات بۆ دەستپێکردنی دانوستانەکان، بەڵام ئەگەری گۆڕانکاری لەو پلانەدا هەیە.
سەرچاوە دیپلۆماسییەکان رایانگەیاندووە، ئێران بە لایەنە ناوەندگیرەکانی راگەیاندووە؛ راگرتنی شەڕ لە لوبنان چەقی گفتوگۆکانە و مەرجێکی سەرەکییە بۆ سەرکەوتنی دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران. ئێرانییەکان جەخت دەکەنەوە کە دەبێت ئاگربەستی لوبنان بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە پێش ئەوەی دەست بە گفتوگۆ تەکنیکییەکان بکەن.
لە لایەکی دیکەوە، ستیڤ ویتکۆف نێردەی تایبەتی کۆشکی سپی بەرەو سویسرا بەڕێوەیە، جارد کوشنەری نێردەی دۆناڵد ترەمپیش هەر ئێستا لەوێیە. هاوکات، رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، لە سویسرایە و لەگەڵ تیمە تەکنیکییەکانی ئەمریکا کۆبووەتەوە بۆ هاوکاریکردن لە لایەنە هونەرییەکانی رێککەوتنە ئەتۆمییە ئەگەرەییەکە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، گەشبینی خۆی نیشانداوە، لە ماوەی 60 رۆژدا (بەگوێرەی ئەو یاداشتنامەیەی چوارشەممەی رابردوو واژۆ کراوە) هەموو کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ ئێران چارەسەر بکرێن.
بڕیار بوو دوێنێ هەینی دانوستانەکان دەست پێ بکەن، بەڵام بەهۆی پەرەسەندنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە لوبنان دواخرا. هەواڵگرییەکانی ئەمریکا باس لەوە دەکەن کە ئیسرائیل هەوڵ دەدات رێگری لە گەیشتن بە هەر جۆرە لێکگەیشتنێک لە نێوان واشنتن و تاران بکات.