پێنتاگۆن داوای زیادکردنی بودجەکەی دەکات
پێنتاگۆن بۆ داپۆشینی تێچووەکانی جەنگی ئێران و چەند سێکتەرێکی مەدەنی، داوای بودجەیەکی زیادە بە بەهای 80 ملیار دۆلار لە کۆنگرێس دەکات؛ ئەم داواکارییە نوێیە لە کاتێکدایە کە جەنگەکە لە کۆتایی شوباتی رابردووەوە تا ئێستا 25 ملیار دۆلاری لەسەر واشنتن کەوتووە.
هەینی 19ی حوزەیرانی 2026، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە، ستیڤن فاینبێرگ، جێگری وەزیری جەنگی ئەمریکا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە کۆنگرێسی راگەیاندووە، پێنتاگۆن پێویستی بە 80 ملیار دۆلاری زیادە هەیە بۆ داپۆشینی تێچووەکانی جەنگی ئێران و چەند بوارێکی دیکە مەدەنی.
بەپێی راپۆرتەکە، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا داواکارییەکی فەرمی بۆ تەرخانکردنی ئەو بڕە پارەیە رەوانەی کۆنگرێس بکرێت، کە جگە لە بودجەی سەربازی، پارەی تێدا تەرخانکراوە بۆ پێشینە مەدەنییەکانی وەک کەرتی کشتوکاڵ و هاوکاریی قوربانیانی کارەساتە سروشتییەکان.
بەرپرسێکی پێنتاگۆن لە مانگی نیسانی رابردوو، ئاماژەی بەوە کردبوو، جەنگی ئێران، کە لە 28ی شوباتەوە لەلایەن ترەمپ و ئیسرائیلەوە دەستیپێکردووە، تا ئێستا نزیکەی 25 ملیار دۆلاری تێچووە. پێشتر ئیدارەی ترەمپ داوای 200 ملیار دۆلاری کردبوو بۆ بودجەی زیادە، بەڵام بەهۆی دژایەتی توندی یاسادانەرانی کۆنگرێسەوە ئەو داواکارییە رەت کرایەوە.
داواکردنی ئەم بودجە زەبەلاحە لە کاتێکدایە کە ئەمریکا بەرەو هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول دەچێت و پارتی کۆماری هەوڵ دەدات کۆنترۆڵی کۆنگرێس بپارێزێت. هاوکات دەنگدەرانی ئەمریکا بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی وزە، تێچووی ژیان و بارگرانییە داراییەکانی جەنگی ئێران، لە دۆخێکی پڕ لە نیگەرانیدان.
لەلایەکی دیکەوە، رەسڵ ڤۆت، بەڕێوەبەری بودجە لە کۆشکی سپی، بەرگریی لە داواکاریی ترەمپ بۆ بودجەی ساڵانەی سەربازی کردووە کە دەگاتە 1.5 ترلیۆن دۆلار، بەڵام لە دانیشتنێکی کۆنگرێسدا رایگەیاندبوو کە هیچ خەمڵاندنێکی کۆتایی بۆ تێچووەکانی جەنگی ئێران لەبەردەستدا نییە.