خێرۆ داود: عەفرین لە زۆر ناوچەی سووریا پێشکەوتووترە

خێرۆ داود، بەڕێوەبەری شاری عەفرین رایگەیاند، شارەکە لە بواری ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزارییەکاندا پێشکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە، تا ئێستاش نزیکەی 12 هەزار بنەماڵەی ئاوارە گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

بەڕێوەبەری شاری عەفرین لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 باسی دۆخی ئێستای شارەکە و پڕۆژەکانی داهاتووی کرد. 

خێرۆ داود ئاماژەی بەوە کرد، عەفرین ئێستا لە نۆژەنکردنەوە و دابینکردنی پێداویستییەکاندا، لە پێش زۆر ناوچەی تری سووریایە کە پێشتر تووشی نەهامەتی ببوون.

خێرۆ داود روونیکردەوە، لە عەفرین دامەزراوە کارگێڕییەکان شەو و رۆژ کار دەکەن بۆ پێشکەشکردنی باشترین خزمەت بە هاووڵاتییان. گوتیشی: "ئێستا ژیان لەم شارەدا ئارامە، بەڕێوەبەرایەتی و دامەزراوەکان بەردەوام هەوڵ دەدەن ئاستی خزمەتگوزارییەکان بەرز بکەنەوە."

دەربارەی گەڕانەوەی ئاوارەکان، بەڕێوەبەری عەفرین ئاشکرای کرد لەم دواییانەدا بایەخێکی زۆر بەم بابەتە دراوە. بەپێی زانیارییەکانی ئەو، تا ئێستا نزیکەی 12 هەزار بنەماڵەی ئاوارە بە هەشت کاروانی جیاواز گەڕاونەتەوە عەفرین.

خێرۆ داود باسی لەوەش کرد، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی ناوخۆیی خزمەتی رۆژانە بەم بنەماڵانە دەگەیەنن تا لە شوێنی خۆیاندا بە ئارامی بژین.

خێرۆ داود باسی ئامادەکردنی بەرنامەیەکی فراوان بۆ رەخساندنی هەلی کار دەکات و دەڵێت: "روانگەی حکوومەتی سووریا ئەوەیە هەموو گەنجان بخاتە سەر کار. بۆ ئەم ئامانجەش بەرنامەیەک دانراوە تا هێزی کاری گەنجان لە هەموو دامەزراوەکاندا دابمەزرێن."