رۆژنامەیەک: چەند هۆکارێک دەبنە هەڕەشە بۆ سەر رێککەوتنی ترەمپ و ئێران
رۆژنامەی ئیندیپێندێنتی بەریتانی لە راپۆرتێکدا تیشک دەخاتە سەر ئەو هۆکارانەی کە پێشبینی دەکرێت ببنە هۆی شکستهێنانی رێککەوتنی نێوان دۆناڵد ترەمپ و ئێران، کە بە واژۆکردنی یاداشتنامەیەکی لێکگەیشتن لە کۆشکی ڤێرسای لە فەڕەنسا دەستی پێکرد.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، هەرچەندە وڵاتان چاوەڕێی کۆتاییهاتنی جەنگ و ناسەقامگیری ئابووری ناوچەکە بوون، بەڵام گومانەکان زۆرن. بەتایبەت دوای هەڵوەشاندنەوەی لەناکاوی گفتوگۆکانی سویسرا لە کۆتا ساتدا و پەرەسەندنی گرژییەکان لە لوبنان، کە هەڕەشە لە رێککەوتنە لەرزۆکەکە دەکەن.
رۆژنامەکە 5 هۆکاری سەرەکی بۆ ئەگەری شکستی رێککەوتنەکە دیاری دەکات، یەکەمیان، یاداشتنامەکە وەک رێککەوتنێکی ئاشتی هەمیشەیی نابینرێت، بەڵکو تەنیا 60 رۆژ مۆڵەت بۆ گفتوگۆ دانراوە کە دەکرێت بەردەوام درێژ بکرێتەوە، هەروەها جیاوازییەکی زۆر لە دەسەڵاتەکانی تڕەمپ و پزیشکیاندا هەیە، دووەمیان سەختە بڕوا بکرێت ئەم یاداشتنامەیە ببێتە وشەی کۆتایی، چونکە جیاوازییەکی زۆر هەیە لە نێوان ئەو ئامانجانەی ئەمریکا و ئیسرائیل هەیانبوو لەگەڵ ئەوەی لەسەر زەوی روودەدات. سێیەمیان لە یاداشتنامەکەدا ناوی ئیسرائیل نەهێنراوە، لە کاتێکدا باس لە راگرتنی جەنگ لە هەموو بەرەکان و لوبنان کراوە. دیار نییە ئیسرائیل تا چەند پابەند دەبێت یان ئەمریکا دەتوانێت رێگری لێ بکات لە هێرشکردنە سەر حزبوڵڵا. چوارەمیان هەرچەندە ئێران دەستکەوتی گەورەی وەک دانپێدانانی فەرمی ئەمریکای بەدەستهێناوە، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا تاران ئامادەیە دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییە سەربازییەکەی بێت؟ و ئایا دووبارە گەرووی هورمز وەک فشار بەکارناهێنێتەوە؟ پێنجەمیان لە واشنتن هێشتا ئێران وەک دوژمن دەبینرێت. پێشتریش مایک پێنس، جێگری پێشووی تڕەمپ، رێککەوتنی لەم شێوەیەی بە "تەسلیمبوون" ناوبردبوو.
لە کاتی نێزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا لە تشرینی دووەم، تڕەمپ رووبەڕووی دوو تێڕوانین دەبێتەوە؛ نەیارانی ئێران و لایەنگرانی ئیسرائیل بە خۆبەدەستەوەدان تۆمەتباری دەکەن، لە بەرامبەردا بەشێکی گەل هەرچەندە بە کۆتایی جەنگ خۆشحاڵن، بەڵام دەپرسن: ئەگەر بڕیار وابوو رێککەوتن بکرێت، بۆچی لە بنەڕەتدا ئەم جەنگە هەڵگیرسا؟