ئەمریکا و قەتەر بەنیازن شەش ملیار دۆلاری ئێران ئازاد بکەن

وێنەکە بە ژیریی دەستکرد بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکە دروست کراوە
وێنەکە بە ژیریی دەستکرد بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکە دروست کراوە

ئەمریکا و قەتەر پلانیان هەیە شەش ملیار دۆلار لە پارە بلۆککراوەکانی ئێران بۆ کڕینی پێویستییە مرۆییەکان ئازاد بکەن، بەڵام مەرجەکە ئەوەیە دەبێت ئەو پارەیە بۆ کڕینی خۆراک، دەرمان و پێداویستییە مرۆییەکان بۆ خەڵکی ئێران خەرج بکرێت.

ئەمڕۆ شەممە، 20ـی حوزەیرانی 2026، رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە پەراوێزی لووتکەی گرووپی حەوت لە شاری "ئێڤیان لێ بێن" لە فەرەنسا، لە 16ـی ئەم مانگە لەگەڵ شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر کۆبووەتەوە. 

بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، هەردوولا رێککەوتوون وەک هاندانێکی دارایی لە چوارچێوەی رێککەوتنی کۆتاییهێنان بە جەنگ، شەش ملیار دۆلار لە پارەی بلۆککراوەکانی ئێران بۆ خەرجییە مرۆییەکان ئازاد بکەن.

سەرچاوەکان ئاماژەیان داوە، رێککەوتنەکە رێگە بە ئێران دەدات لەم قۆناغەدا شەش ملیار دۆلاری بخرێتەوە بەردەست، کە ئێستا لە قەتەر گلدراوەتەوە. مەرجی ئازادکردنی پارەکە تەنیا بۆ کڕینی خۆراک و دەرمانە، کڕینی کاڵاکانیش لە رێگەی بانکی ناوەندیی ئێرانەوە دەبێت.

لە 2023ـدا، ئەمریکا لە سەردەمی جۆو بایدن بڕیارێکی لێخۆشبوونی بۆ بەشێک لە پارە بلۆککراوەکانی ئێران دەرکرد، بەو بڕیارە شەش ملیار دۆلاری داهاتی نەوتی ئێران لە کۆریای باشوورەوە گوازرایەوە قەتەر تا بۆ پێویستییە مرۆییەکان خەرج بکرێت، بەڵام بەهۆی توندوتیژییەکانی ناوخۆی ئێران دووبارە سڕ کرانەوە.

سەرچاوەکانی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" بڕوایان وایە ئەم هەنگاوە رەنگە ببێتە بنەمایەک بۆ ئازادکردنی پارەی زیاتر لە داهاتوودا، ئەگەر هەیە 24 ملیار دۆلاری تری بلۆککراوی کۆماری ئیسلامی بەزوویی ئازاد بکرێن، بەڵام ئێران هێشتا لەسەر ئەو بابەتە گفتوگۆی نەکردووە و خراوەتە نێو بڕگەکانی دانوستانی نێوان هەردوو وڵات.

 پێشتریش ئەمریکا بەڵێنی دابوو سەرمایە بلۆککراوەکانی تاران بە تەواوەتی بۆ بەکارهێنانی مرۆیی بخاتەوە بەردەستی ئێران. تا ئێستا 24 ملیار دۆلار لە داهاتی ئێران بەهۆی سزاکانەوە لە لایەن چین، هیندستان، عێراق و قەتەر بلۆککراوە.