ڤانس: هیچ بەڵگەیەک نییە گەرووی هورمز داخرا بێت

جێگری سەرۆکی ئەمریکا: شاندی وڵاتەکەمان گەیشتوونەتە سویسرا

جێگری سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند، ئیدارەکەیان متمانەی تەواوی بە سەرکەوتنی ئاگربەستی لوبنان هەیە و جەختی کردەوە کردنەوەی گەرووی هورمز بووەتە هۆی هەناردەکردنی بڕێکی پێوانەیی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان، هاوکات ئاماژەی دا، شاندی وڵاتەکەی گەیشتوونەتە سویسرا و بڕیاریشە خۆی چەند رۆژی داهاتوودا دەچێتە ئەو وڵاتە.

شەممە 20ـی حوزەیرانی 2026، جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ فۆکس نیووز ئاماژەی بەوە کرد کە تەنیا لە 24 کاتژمێری رابردوودا، 16 ملیۆن بەرمیل نەوت لە گەرووی هورمزەوە هەناردە کراوە، کە ئەمە ژمارەیەکی پێوانەییە و تەنانەت لە پێش دەستپێکردنی ململانێکانیشدا ئەو بڕە نەوتە هەناردە نەکراوە.

سەبارەت بە هەواڵی رێگریی ئێران لە کەشتییەکان داخستنی گەرووی هورمز، ڤانس گوتی: "من گومانم لەو راپۆرتانە هەیە؛ گەرووەکە مینڕێژ کراوە و بەپێی لێکتێگەیشتنەکان 30 رۆژمان پێویستە بۆ پاککردنەوەی مینەکان، بەڵام هیچ بەڵگەیەک نییە کە ئێرانییەکان هێشتا رێگری بکەن و گەرووەکە داخرا بێت."

ڤانس حزبوڵڵای بە بەرپرسیار و سەرچاوەی سەرەکیی توندوتیژییەکانی لوبنانی ناوبرد و رایگەیاند: "حزبوڵڵا، لوبنانی کردووەتە مەیدانی شەڕ و ئەمەش ئیسرائیلی ناچار کردووە بۆ بەرگری لە خۆی وەڵام بداتەوە." بەڵام بەهۆی هەوڵەکانی ترەمپ و مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئێستا ئاشتی بەرەو جێگیربوون دەچێت.

جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد، جارید کۆشنەر و ستیڤ ویتکۆف نێردەکانی ترەمپ ئێستا لە سویسران و خەریکی تاوتوێکردنی لایەنە تەکنیکییەکانی رێککەوتنەکەن لەگەڵ ئێران، و خۆشی لە چەند رۆژی داهاتوودا دەچێتە سویسرا. سەبارەت بە ئیسرائیلیش بە راشکاوی گوتی: "ئیسرائیل هاوبەشێکی گرنگە، بەڵام بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا هەمیشە وەک یەک نین لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل؛ ئێمە وەک ئیدارەی ترەمپ کار بۆ ئەوە دەکەین کە زۆرترین سوود بۆ گەلی ئەمریکا بەدەستبهێنین."