ئیبۆلا گەیشتە ئیسرائیل
وەزارەتی تەندروستی ئیسرائیل رایگەیاند، گومان دەکرێت یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی ئیبۆلا لە ناوخۆی وڵاتەکەدا تۆمار کرابێت، ئەوەش دوای گەڕانەوەی پیاوێک لە کۆماری دیمووکراتی کۆنگۆ.
شەممە 20ـی حوزەیرانی 2026، بەپێی بەیاننامەیەکی وەزارەتی تەندروستی ئیسرائیل، نەخۆشەکە دوای دەرکەوتنی نیشانەکانی تای بەرز و سەرئێشە، داوای چارەسەری پزیشکی کردووە، ئاماژە بەوەش کراوە، کەسەکە رەوانەی نەخۆشخانەی رەمبام لە شاری حەیفا کراوە و لە ژێر رێکاری توندی کەرەنتینەدا چارەسەر وەردەگرێت تا ئەو کاتەی ئەنجامی کۆتایی پشکنینەکان دەردەچن.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ناوەندی تەندروستی ئەفریقا بۆ کۆنتڕۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکان، رۆژی هەینی رایگەیاند، ژمارەی تووشبووانی پشتڕاستکراوە بە ڤایرۆسی ئایبۆلا لە رۆژهەڵاتی کۆنگۆ لە مانگی ئایاری رابردووەوە گەیشتووەتە 875 حاڵەت، کە لەو ژمارەیە 202 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.
جان کاسیا، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسەکە هۆشداری داوە، ئەگەر بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە بە خێرایی کۆنتڕۆڵ نەکرێت، ئەوا بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە بە شێوەیەکی مەترسیدار تەشەنە دەسێنێت.
پێشتر رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ناوەڕاستی مانگی ئایاردا، دۆخی بڵاوبوونەوەی ئایبۆلای لە کۆنگۆ بە زۆر نیگەرانکەر وەسف کرد و باری نائاسایی تەندروستی گشتی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی راگەیاند.
ڤایرۆسی ئیبۆلا کە دەبێتە هۆی تایەکی خوێنبەربوونی کوشندە، بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1976 لە سوودان و کۆماری دیمووکراتی کۆنگۆ دەرکەوت، ناوی ڤایرۆسەکەش لە رووباری ئیبۆلاوە وەرگیراوە کە دەکەوێتە نزیک ئەو گوندەی یەکەمجار نەخۆشییەکەی تیادا سەرهەڵدا.