لە کوردستان هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی تای خوێنبەربوون دەستیپێکرد
لە پێناو پاراستنی تەندروستی گشتی و پاراستنی سامانی ئاژەڵ، وەزارەتی کشتوکاڵ هەڵمەتێکی فراوانی بۆ رشاندن و کوتانی سەدان هەزار سەر ئاژەڵ لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەستپێکرد، ئەمەش وەک رێکارێکی پێشوەختە بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کوشندەی تای خوێنبەربوون.
تیمەکانی ڤێتێرنەری لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان هەڵمەتێکی چڕیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون دەستپێکردووە و تاوەکو ئێستا هەزاران سەر ئاژەڵ و سەدان هۆڵی ئاژەڵ رشێندراون.
دکتۆر فەرەیدوون ئەحمەد، بەڕێوەبەری تەندروستی ئاژەڵان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە مانگەکانی 7 و 8ـی ساڵدا بەڕێوەدەچێت. ئامانجی سەرەکی ئەم هەڵمەتە رێگرییە لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون کە نەخۆشییەکی کوشندەیە و لە رێگەی گەنە یان گۆشتی ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ.
بەڕێوەبەری تەندروستی ئاژەڵ روونیکردەوە، گەنە لە وەرزی گەرما و هاویندا بە خێرایی گەشە دەکات و بڵاودەبێتەوە، بۆیە لەم کاتەدا هەڵمەتەکان چڕکراونەتەوە. گوتیشی، هەڵمەتەکە لە سێ بەشی سەرەکی پێکهاتووە کە بریتین لە: رشاندنی شوێنی ئاژەڵ، شوشتنی ئاژەڵ و کوتان.
سەبارەت بە وردەکاریی ئامارەکان، دکتۆر فەرەیدوون ئاشکرای کرد، تاوەکو ئێستا 7920 هۆڵی ئاژەڵ، 96000 سەر مەڕ، 38000 سەر بزن و 21846 سەر رەشەوڵاخ رشێندراون. هاوکات 599129 سەر مەڕ و 306514 سەر بزن و 894 سەر رەشەوڵاخ کوتراون.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ئەم هەڵمەتە فراوانە 6965 ئاژەڵدار لە 1181 گوندی جیاوازی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، بە مەبەستی رێگری لە هەر مەترسییەکی بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییە ڤایرۆسییە.