بەریتانیا چەکێکی نوێی دوورمەودا بە ئۆکرانیا دەدات

رۆژنامەی "زە تێلیگراف"ی بەریتانی بڵاویکردەوە، لەندەن جۆرە چەکێکی نوێی دوورمەودای تاقیکردووەتەوە کە بەنیازی ناردنییەتی بۆ ئۆکرانیا، ئەم چەکە نوێیە توانایەکی بێوێنە دەداتە هێزەکانی کیێڤ بۆ ئەوەی بتوانن هێرش بکەنە سەر ئامانجەکان لە دووری زیاتر لە 300 میل.

شەممە 20ـی حوزەیرانی 2026، رۆژنامەی "زە تێلیگراف"ی بەریتانی لە زاری سەرچاوەکانی وەزارەتی بەرگری بەریتانیاوە گواستوویەتییەوە کە لەندەن چەکێکی نوێی دوورمەودای تاقیکردووەتەوە و رەنگە لە ماوەیەکی نزیکدا رەوانەی ئۆکرانیای بکات، ئەمەش رێگە بە کیێڤ دەدات قووڵایی خاکی رووسیا و تەنانەت شاری مۆسکۆش بکاتە ئامانج."

بەپێی زانیارییەکان، ئەم سیستمە نوێیانە لە دوورگەکانی "هێبریدس" تاقیکراونەتەوە و بڕیارە لە مانگەکانی داهاتوودا تاقیکردنەوەی زیاتریان لە ناوخۆی بەریتانیا بۆ بکرێت، چەکەکە کڵاوەیەکی جەنگی بە کێشی 250 کیلۆگرام هەڵدەگرێت و خێراییەکەی دەگاتە نزیکەی 600 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.

ساڵی رابردوو سێ کۆمپانیای بەریتانی کە مووشەکی ستۆرم شادۆ بەرهەم دەهێنێت، گرێبەستی پەرەپێدانی ئەم چەکانەیان پێدراوە، هەروەها وەزارەتی بەرگری بەریتانیا لە مانگی یەکی رابردوودا ئاشکرای کرد، سەرقاڵی پەرەپێدانی مووشەکێکی بالیستییە بە ناوی "نایت فۆڵ" کە مەوداکەی لە 500 کیلۆمەتر تێپەڕ دەکات.

پڕۆژەی پەرەپێدانی ئەم مووشەکانە کە بە "براکستۆپ" ناسراوە، لە سەرەتادا بودجەیەکی 5 ملیۆن پاوەندی بۆ تەرخان کرابوو، بەڵام دواتر بۆ پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا 15 ملیۆن پاوەندی دیکە بۆ پڕۆژەکە زیاد کرا.