ناتانیاهۆ و کاتز فەرمانی راگرتنی هێرشەکانی سەر لوبنان دەدەن
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە، رێنماییان ئاراستەی سوپا کرد بۆ راگرتنی شەڕ لە بەرەی لوبنان.
شەممە 20ـی حوزەیرانی 2026، کەناڵ12ـی ئیسرائیل ئاشکرایکرد، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیارنی ئیسرائیل و یسرائیل کاتز وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە، فەرمانیان بە سوپای واڵەتەکەیان کردووە شەڕ لە بەرەی لوبنان رابگرن.
ئەم بڕیارەی سەرکردایەتی ئیسرائیل لە کاتێکدایە کە فەرماندەیی ناوەندیی "خاتەم ئەلئەنبیا" لە ئێران، داخستنی گەرووی هورمزی بە رووی کەشتیوانی و هاتوچۆی دەریاییدا راگەیاند، تاران ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم هەنگاوە وەک وەڵامێکە بۆ شکستهێنانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە جێبەجێکردنی خاڵی یەکەمی لێکتێگەیشتنی کۆتاییهێنان بە جەنگ و بەردەوامیی پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان.
هاوکات لەگەڵ ئەم پێشهاتانەدا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، شاندێکی وڵاتەکەی رەوانەی سویسرا کردووە بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی "بەڵێنەکانی" ئەمریکا بەپێی رێککەوتنامەی لێکتێگەیشتن، وەزارەتەکە جەختی کردەوە،"خاڵی یەکەم گرنگترین بەشی لێکتێگەیشتنەکەیە، بەڵام لایەنی بەرامبەر پابەند نەبووە بە ناچارکردنی ئیسرائیل بۆ راگرتنی دەستدرێژییەکانی بۆ سەر لوبنان".
لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی پاکستان رایگەیاند، بڕیارە رۆژی یەکشەممە گفتوگۆ تەکنیکییەکانی نێوان واشنتن و تاران لە هاوینەهەواری "بۆرگنستۆک" لە سویسرا دەست پێ بکەن، بە مەبەستی گەیشتن بە رێگەچارەیەک بۆ ئاڵۆزییەکان.