حزبوڵڵا: ئامانجی ئیسرائیل تێکدانی رێککەوتنی نێوان تاران و واشنتنە

حزبوڵڵای لوبنان ئاشکرای کرد، هێرشەکانی ئەم دواییەی تەلئەڤیڤ بۆ سەر باشووری بەیرووت تەنیا پێشێلکاری نین، بەڵکو بەردەوامیی جەنگ و دەستدرێژین لەژێر پەردەی ئاگربەستدا.

شەممە، 20ـی حوزەیرانی 2026، حزبوڵڵای لوبنان، لە رایگەیەنراوێکدا رایگەیاند: ئەو تۆمەتانەی داگیرکەری ئیسرائیل ئاراستەی ئێمەی دەکات سەبارەت بە پێشێلکردنی ئاگربەست، هەوڵێکی روون و ئاشکرایە بۆ تێکدانی ڕێککەوتنی نێوان ئێران و ئەمریکا."

ئاماژەی بەوەش کرد، لە بەرەبەیانی رۆژی هەینییەوە، پێشێلکارییەکانی هێزەکانی ئیسرائیل گەیشتووەتە 300 حاڵەتی بەڵگەدارکراو. هاوکات جەختی کردەوە کە "ئەم هێرشانە تەنیا بەزاندنی ئاسایی بەندەکانی ئاگربەست نین، بەڵکو دەستدرێژییەکی ئاشکرا و بەردەوامیی جەنگن بۆ سەر لوبنان."

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە بەرگریکردن لە خاکی لوبنان لە بەرامبەر هێرشەکانی ئیسرائیلدا، مافێکی رەوای گەل و بەرگریی لوبنانە و هیچ لایەنێک ناتوانێت ئەم مافە فەرمییە پێشێل بکات.

حزبوڵڵا تیشکی خستە سەر پرسی هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ بەدەستهێنانی ئازادیی جووڵەی سەربازی لە ناوچەکەدا و رایگەیاند: کە ئەم هەوڵە بە هیچ جۆرێک قبووڵکراو نییە و بێ وەڵام نامێنێت، هاوکات دەرکردنی هێزەکانی داگیرکەری لە ناوچەکەدا بە "تەنیا پرسی کات" ناوبرد.