تاران: ئامادەبوونی گرۆسی لە سویسرا بە واتای بەشداریکردنی لە دانوستانەکان نییە

ئاژانسی هەواڵی تەسنیم لە زاری سەرچاوەیەکی ئێرانییەوە بڵاویکردەوە، ئامادەبوونی رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە سویسرا، بە واتای بەشداریکردنی لە دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران نایەت.

یەکشەممە 21ـی حوزەیرانی 2026 ئاژانسی هەواڵی تەسنیم لە زاری سەرچاوەیەکی ئێرانییەوە بڵاویکردەوە، ئەمریکا پێداگری لەسەر ئامادەبوونی گرۆسی کردووە لە میانی گفتوگۆکاندا، بەڵام ئێران ناڕەزایەتی بەرامبەر ئەو داوایە دەربڕیوە، ئەم روونکردنەوەیە دوای ئەوە هات پێشتر گرۆسی ئاماژەی بە ئەگەری ئامادەبوونی لە هاوینەهەواری بۆرگنبستۆک دابوو، کە تیایدا خولێکی نوێی دانوستانە تەکنیکییەکان لە نێوان تاران و واشنتن بە نێوەندگیری قەتەر و پاکستان دەستیپێکردووە.

لای خۆیەوە، رافایل گرۆسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، لەگەڵ ئیگنازیۆ کاسیس، نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی سویسرا کۆبووەتەوە بۆ تاوتوێکردنی دوایین پەرەسەندنەکانی پەیوەست بە ئێران و دیاریکردنی هەنگاوەکانی داهاتوو، گرۆسی جەختی لە گرنگی رۆڵی ئاژانسەکەی کردەوە و گوتی: "لەو ساتە هەستیارەدا، پێویستە هەموو دەرفەتێک بە دیپلۆماسی بدرێت بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بێت".

ئەم دانوستانانە کە بە شێوەیەکی داخراو بەڕێوە دەچن، دوای ئەوە دێن، لە 18ـی حوزەیراندا هەردوولا گەیشتنە لێکتێگەیشتنێکی سەرەتایی بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێ سەربازییەکان، بەپێی ئەو لێکتێگەیشتنە، ئەمریکا گەمارۆی دەریایی لادەبات و ئێران رێگە بە دەسپێکردنەوەی هاتوچۆی کەشتییەکان دەدات لە گەرووی هورمز، هەروەها تاران پابەند دەبێت بەوەی چەکی ئەتۆمی بەرهەم نەهێنێت، لە بەرامبەردا لە ماوەی 60 رۆژدا کار بۆ رێککەوتنێکی نوێ دەکرێت کە ببێتە هۆی هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێران.