ئەکسیۆس: شاندی ئێران لە سویسرا ماوەتەوە و دانوستانەکان بەردەوامن
پێگەی هەواڵی "ئەکسیۆس" بڵاوی کردەوە، کە شاندی دانوستانکاری ئێران شوێنی کۆبوونەوەکانی لە سویسرا جێنەهێشتووە و گفتوگۆکان هێشتا بەردەوامن، هاوکات تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە لە خولی یەکەمی دانوستانەکانی " بێرگنشتۆک"دا هیچ باسی دۆسیەی ئەتۆمی نەکراوە.
یەکشەممە، 21ـی حوزەیرانی 2026، پێگەی هەواڵی "ئەکسیۆس"ـی ئەمریکی، لە زاری دیپلۆماتکارێکەوە ئاشکرای کردووە، گفتوگۆکان لە نێوان شاندەکاندا نەوەستاون و شاندی ئێرانی لە هۆڵی کۆبوونەوەکاندا ماوەتەوە بۆ بەردەوامیدان بە دانوستانەکان لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی چارەیەک بۆ ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە.
لەلایەکی دیکەوە، تەلەفزیۆنی فەرمیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە، کە لە گەڕی یەکەمی دانوستانەکانی هاوینەهەواری " بێرگنشتۆک " لە سویسرا، هیچ جۆرە گفتوگۆیەک سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی لە نێوان لایەنەکاندا ئەنجام نەدراوە.
ئەو چەند سەرچاوەیە روونیان کردەوە، کە تەوەری گفتوگۆکانی گەڕی یەکەم لەسەر پرسە ئەمنییەکان و جێبەجێکردنی بڕگەکانی یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئاگربەست بووە و، دۆسیەی ئەتۆمی و سزاکانی سەر تاران لەم گەڕەی گفتوگۆکاندا تاوتوێ نەکراون.