بەردی بناخەی کارگەیەکی پزیشکی دانرا؛ "دەرمانی قاچاخ کۆنترۆڵ کراوە"
ئەمڕۆ سێشەممە، 23ـی حوزەیرانی 2026، لە رێوڕەسمێکدا بەردی بناخەی پڕۆژەی کارگەی "داسن" بۆ بەرهەمهێنانی ژیناو (پێداویستییە پزیشکییە شلەکان و موغەزی) لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دانرا.
لە رێوڕەسمەکەدا د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر هەنگاوەکانی چاکسازی لە کەرتی دەرمان.
، سامان بەرزنجی خۆشحاڵیی خۆی بە دانانی بەردی بناخەی کارگەکە دەربڕی و رایگەیاند: "ئەمڕۆ ئێمە بەشدارین لە راگەیاندنی یەکێک لە پڕۆژە هەرە گرنگ و ستراتیژییەکان لە هەرێمی کوردستان، کە ئەویش پڕۆژەی دروستکردنی کارگەی دەرمان و پێداویستیی پزیشکییە لە بوارەکانی ژیناو و موغەزییەکان. ئەم پڕۆژەیە هەنگاوێکی گرنگە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی کابینەی نۆیەم بۆ هاندانی کەرتی تایبەت و پەرەپێدانی بەرهەمی ناوخۆیی."
وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان کەمتر پشت بە هاوردەکردنی پێداویستییە پزیشکییەکان ببەستێت و ئاسایشی دەرمان لە ناوخۆدا زیاتر پارێزراو بێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، د. سامان بەرزنجی باسی لە پرۆسەی چاکسازی و کۆنترۆڵکردنی بازاڕی دەرمان کرد لە هەرێمی کوردستان و رایگەیاند "کابینەی نۆیەم بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، چاکسازییەکی ریشەیی لە کەرتی دەرماندا کردووە کە پێشتر بە شێوەیەکی ناڕێکخراو و بێ بنەما کاری تێدا دەکرا".
وەزیری تەندروستی گوتی: "لە رابردوودا دەرمانی قاچاخ و ساختە بەبێ سەرچاوەی باوەڕپێکراو دەهاتە هەرێمی کوردستان، بەڵام ئێستا توانراوە بە تەواوی کۆنترۆڵی ئەم بوارە بکرێت. لە رێگەی 12 رێنمایی نوێوە، سەرجەم کارگەکانی دەرمان، کۆمپانیاکانی هاوردەکردن، کۆگاکان و دەرمانخانەکان رێکخراونەتەوە."
لەبارەی نرخی دەرمانەوە، وەزیری تەندروستی ئامارێکی گرنگی ئاشکرا کرد و گوتی: "بەهۆی سیستەمی نوێی نرخدانان و پێداچوونەوە بە نرخی دەرمانەکان، توانراوە نرخی زیاتر لە 8 هەزار جۆر دەرمان لە بازاڕەکاندا داببەزێندرێت. ئەمەش وایکردووە تەنیا لە ساڵەکانی 2024 و 2025ـدا، نزیکەی 295 ملیار دینار کە بڕیار بوو بەهۆی گرانیی دەرمانەوە لە گیرفانی هاووڵاتییان بڕوات، بۆیان بگەڕێتەوە".
سامان بەرزنجی دڵنیایی دا کە پرۆسەی چاودێریکردنی دەرمان بەردەوامە و ئێستا سیستەمی ئەلیکترۆنی بۆ نرخدانان جێبەجێ کراوە، کە رێگە نادات هیچ دەرمانخانەیەک یان کۆمپانیایەک دەرمان بە نرخی جیاواز و گران بە هاووڵاتییان بفرۆشێت.
زانیارییەکانی تایبەت بە پڕۆژەکە بە کورتی:
- ناوی پڕۆژە: کارگەی داسن بۆ بەرهەمهێنانی ژیناو و پێداویستییە پزیشکییەکان.
- شوێن: ناحیەی باتێل لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ.
- رووبەر: 45,000 مەتر چوارگۆشە.
- گوژمە: 22 ملیۆن و 250 هەزار دۆلار.
- وەبەرهێنەر: کۆمپانیای شەماڵک میدیکاڵ (بە خاوەندارێتیی عەلی غازی عەبدوڵڵا).
- ماوەی جێبەجێکردن: 36 مانگ.
توانای بەرهەمهێنانی ساڵانەی کارگەکە:
- ژیناو (مەغەزی): 12 ملیۆن بوتڵ.
- حەب: 3 ملیۆن و 500 هەزار دانە.
- دلۆپێنەر (قەترە): 2 ملیۆن دانە.
- سرنج و دەرزی: 1 ملیۆن دانە.
گرنگی، ئامانج و پێکهاتەی پڕۆژەکە:
- ئاسایشی تەندروستی: زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیی کوالێتی بەرز، کەمکردنەوەی دەرمانی هاوردە، و خۆئامادەکردن بۆ هەر قەیرانێکی چاوەڕواننەکراوی دەرمان بە نرخێکی گونجاو.
- هەلی کار: لە کاتی دروستکردنیدا، دەرفەتی کار بۆ زیاتر لە 200 کەس لە ناوچەکە دەڕەخسێنێت.
- پشتگیریی زانستی: دەبێتە پاڵپشتییەک بۆ لێکۆڵینەوە زانستی و پەروەردەییەکان.
- پێکهاتەی مۆدێرن: بەپێی بەرزترین ستانداردی پزیشکی دروست دەکرێت، کە پێکهاتووە لە: تاقیگەی هاوچەرخی کۆنترۆڵی جۆری، کۆگای جیاواز بۆ کەرەستەی خاو و بەرهەمی کۆتایی، هۆڵی تایبەتی بەرهەمهێنان، باڵەخانەی خزمەتگوزاری، و رووبەری سەوزایی و پارکینگ.