ئیسماعیل بەقایی: ئازادین چۆن پارە ئازادکراوەکان خەرج بکەین

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ سێشەممە، 23ـی حوزەیرانی 2026، رایگەیاند ئازادن لە بەکارهێنان و خەرجکردنی ئەو پارە بلۆککراوانەی کە ئازاد دەکرێن.

ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی "ئەو پارە بلۆککراوانەی ئێران کە ئازاد دەکرێن، بەتەواوی لە ژێر دەستی ئێمە دەبێت هیچ سنوورێک بۆ چۆنیەتی خەرجکردنی نییە" ئەمەش بە ئاماژەدانە بە پێشهاتەکانی ناو دۆسیە داراییەکانی پەیوەست بە رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانە.

بەقایی ئاماژەی بەوەشکرد، "تێگەیشتنەکە لەسەر بنەمای رێزگرتن و پابەندبوون بە واقیعەوە دامەزراوە و هەر قسەیەکی خۆبەزلزانانە رێڕەوی رێککەوتنەکە تێکدەدات"، گوتیشی "هیچ کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ بەڕێوەبەری ئاژانسی وزەی ئەتۆمی لە سویسرا نەکردووە، هەروەها هیچ پلانێکیش بۆ پشکنینی دامەزراوە ئەتۆمییەکانمان کە بۆردومانکران، نییە".

ئەمە لەکاتێکدایە هەر ئەمڕۆ کەناڵی "پرێس تیڤی"ی ئێرانی بڵاویکردەوە، ئەمریکا مۆڵەتێکی گشتیی دەرکردووە کە رێگە بە فرۆشتنی نەوت و بەرهەمە پترۆکیمیاییەکانی ئێران دەدات، ئەم بڕیارە بە فەرمی لە ماڵپەڕی (OFAC) فەرمانگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی دەرەوەی ئەمریکا بڵاوکراوەتەوە.

هاوکات لەگەڵ ئەم هەنگاوانە، رێککەوتنی ئازادکردنی 12 ملیار دۆلار لە سەروەت و سامانی بلۆککراوی ئێران چووەتە قۆناخی جێبەجێکردنەوە، بڕیارە ئەم پارەیە بە دوو گوژمە هەر هەر گوژمەی 6 ملیار دۆلار رادەستی ئێران بکرێتەوە.