حکوومەتی هەرێم لە ماوەی سێ مانگدا مووچەی سەرجەم مووچەخۆران بە بانکی دەکات

حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند لە ماوەی سێ مانگی داهاتوودا تەواوی پڕۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران لە رێگەی پڕۆژەی "هەژماری من" کۆتایی دێت. ئەمەش دوای رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا دێت کە بڕیاردراوە تا کۆتایی مانگی ئابی 2026، هەر فەرمانبەرێک تۆمار نەکرابێت، مووچەکەی لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە رادەگیرێت.

سێشەممە 23ـی حوزەیرانی 2026، پرۆژەی هەژماری من، راگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، لە دوایین کۆبوونەوەی نێوان شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق بڕیاردرا بە دانانی ماوەی سێ مانگ بۆ تەواوکردنی سەرجەم رێکارەکانی تۆمارکردنی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی هەژماری من.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەپێی بڕیارێکی حکوومەتی فیدراڵی هەر فەرمانبەرێکی هەرێمی کوردستان تا 31ـی ئابی 2026، تۆمارنەکرابێت و کارتە بانکییەکەی وەرنەگربێتەوە لەرێگەی پڕۆژەی هەژماری من، شایستەی دارایی و مووچەکەی لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە رادەگیرێت و نانێردرێت بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

نووسینگە باسی لەوەش کردووە، تاوەکو ئێستا 96%ـی مووچەخۆرانی کەرتی گشتی لە رێگەی هەژماری من تۆمارکراون و زیاتر لە 860 هەزار مووچەخۆر کارتە بانکییەکانیان وەرگرتووەتەوە و بە دیجیتاڵی لە رێگەی بانکەکانەوە مووچەکانیان وەردەگرن. حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم رێکارە پێویستەکانی گرتووەتەبەر بۆ تۆمارکردن و بە بانکییکردنی مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی داوە، هەربۆیە داوا لەو مووچەخۆرانە دەکرێت کە ئاگاداری مۆبایلەکانیان بن چونکە پڕۆژەی هەژماری من لە رێگەی واتسئاپ، ڤایبەر و کورتەنامە ئاگاداریان دەکاتەوە لەوەی کارتەکانیان ئامادەیە لە بانکێکی دیاریکراو بڕۆن وەریبگرنەوە.

هاوکات ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، پرۆسەی دروستکردنی کارتەکان لە کاتی خۆتۆمارکردنەوە نزیکەی مانگێک دەخایەنێت لەلایەن بانکەکانەوە، بۆیە بۆ ئەم مەبەستە، لە زووترین کاتدا سەرجەم بەڕێوبەرایەتییە گشتییەکان و فەرمانگەکانی سەر بە وەزارەتەکانتان ئاگادار بکەنەوە، کە رێکاری پێویست و بەپەلە بگرنەبەر بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە تەواوی سوودمەندانیان خۆیان تۆمار کردووە و کارتی بانکییان وەرگرتووەتەوە.

خشتەی یەکەم: رێژەی سەدی مووچەخۆری تۆمارکراو لە رێگەی پڕۆژەی هەژماری من

شار  رێژەی سەدی مووچەخۆری تۆمارکراو
هەولێر %99
سلێمانی %92
دهۆک %99
هەڵەبجە %93
کوردستان %96

خشتەی دووەم: ژمارەی سەرجەم مووچەخۆران کە کارتە بانکییەکانیان وەرگرتووە

شار ژمارەی مووچەخۆران کە کارتە بانکییەکانیان وەرگرتووە
هەولێر 379,204
سلێمانی 278,913 
دهۆک 188,164 
هەڵەبجە 15,886 
کوردستان 862,168

پڕۆژەی هەژماری من، لە ساڵی 2023 لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندرا، وەک بەشێک لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەت بۆ بەمۆدێرنکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکان و بەهێزکردنی گشتگیریی دارایی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان.