ترەمپ بۆ کۆمپانیاکانی نەوت: بەخێرایی نرخی بەنزین دابەزێنن

دۆناڵد ترەمپ داوای دابەزاندنی خێرای نرخی بەنزین دەکات و کۆمپانیاکانی نەوت رووبەڕووی لێکۆڵینەوە دەکاتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە،  24ـی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، داوای لە کۆمپانیا گەورەکانی نەوتی وڵاتەکەی کرد بە خێرایی نرخی بەنزین دابەزێنن، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ئاساییبوونەوەی دۆخی لۆجستی لە گەرووی هورمزدا.

لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا، بازاڕەکانی ئەمریکا بەهۆی پەرەسەندنی گرژییە جیۆپۆلەتیکییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تێکچوونی دۆخی دابینکردنی وزە، بەردەوامبوونی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنییان بەخۆوە بینیبوو.

لەم چوارچێوەیەدا و وەک گوشارێکی سیاسی توند، ترەمپ رایگەیاند، رێنمایی داوەتە وەزارەتی دادی ئەمریکا بۆ دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەی بەرفراوان لەو کۆمپانیایانەی نەوت کە خاو خلیچکن لە دابەزاندنی نرخی فرۆشتنی بەنزین.

سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوەش کردەوە، "پێویستە دابەزینی نرخی نەوتی خاو لەسەر ئاستی جیهان، بە خێراییەکی زۆر زیاتر لەوەی ئێستا هەیە، لەسەر گیرفانی بەکارهێنەرانی ناوخۆیی ئەمریکا رەنگبداتەوە."

لە دوای داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن تارانەوە، نرخی سووتەمەنی و گاز لە ئاسیا و ئەوروپا بەرزبووەوە، ئەمریکاش بێبەش نەبوو لەو قەیرانە و نرخی یەک گالۆن بەنزین لە 2 دۆلارەوە گەیشتە سەرووی 5 دۆلار، ئەمەش نەڕەزایەتی گەورەی لەنێو ئەمریکییەکان لێکەوتەوە.