دهۆک.. لە ماوەی شەش مانگدا بە بەهای 62 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنان کراوە
کەرتی وەبەرهێنان لە پارێزگای دهۆک لە ژێر سایەی ستراتیژییەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان قۆناخێکی نوێی گەشەکردن بەخۆوە دەبینێت و تەنیا لە 6 مانگی ئەمساڵدا، زیاتر لە 62 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکاندا کراوە.
لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بایەخدان بە ژێرخان و فرەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات، کەرتی وەبەرهێنان لە پارێزگای دهۆک گەشەکردنێکی بەرچاو بەخۆوە دەبینێت. بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی دهۆک ئاماژە بەوە دەکات کە پێدانی مۆڵەت بە پڕۆژەکان لەسەر بنەمای پێداویستی ناوچەکە و گرنگی کەرتە ستراتیژییەکانە.
یەکێک لەو پڕۆژانەی لە قۆناخی جێبەجێکردندایە، پڕۆژەیەکی بازرگانی شەش نهۆمییە کە 64 ئۆفیس و چەندین یەکەی جیاواز لەخۆ دەگرێت. زیاد تەمەر، وەبەرهێنەری پڕۆژەکە دەڵێت: "ئەو ئارامی و سەقامگیرییەی لە پارێزگای دهۆک هەیە، لەگەڵ ئەو ئاسانکارییانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتی وەبەرهێنان پێشکەشمان دەکەن، بوونە پاڵپشت و هاندەرێکی گەورە بۆ ئەوەی ئێمە وەک کەرتی تایبەت وەبەرهێنان لەم پڕۆژەیەدا بکەین."
ئامارەکان نیشانەی بازدانێکی گەورەن لە کەرتی وەبەرهێنان؛ هەرچەندە ساڵی 2025 بەهۆی تۆمارکردنی 45 مۆڵەت وەک "ساڵی زێڕین" ناودەبرا، بەڵام داتاکانی ئەمساڵ ریکۆردی پێشتریان شکاندووە. تەنیا لە 6 مانگی دەستپێکی ئەمساڵدا، قەبارەی وەبەرهێنان لە دهۆک گەیشتووەتە زیاتر لە 62 ملیۆن دۆلار.
هەڤال سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنان لە پارێزگای دهۆک رایدەگەیەنێت: "لە 6 مانگی رابردوودا توانیمان زیاتر لە 62 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنان تۆمار بکەین. پلان و ستراتیژییەتی ئێمە ئەوەیە زیاتر گرنگی بە کەرتە بەرهەمهێنەکان بدەین بۆ ئەوەی ئابووری ناوچەکە هێشتا بەهێزتر بێت."
بەگوێرەی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتی وەبەرهێنان، لە سەرەتای کارپێکردنی یاسای وەبەرهێنانەوە تاوەکو ئێستا، 363 مۆڵەت بە پڕۆژە جیاوازەکان لە دهۆک دراون، کە سەرمایەی گشتییان پێکەوە پتری 6 ملیار و 500 ملیۆن دۆلارە.
ئێستا دهۆک بووەتە ناوەندێکی سەرنجڕاکێش بۆ سەرمایەگوزارانی ناوخۆیی و بیانی، ئەمەش وەک دەرئەنجامی ئەو ئارامی و ئاسانکارییە کارگێڕیانەی کە حکومەت بۆ کەرتی تایبەتی دابین کردووە.